دواین هەواڵ

وەرزش‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

ئەربێلوا بە "پلانێکی جیاوازەوە" رووبەڕووی ڤیاڕیاڵ دەبێتەوە

هەرێم نیوز

ریاڵ مەدرید لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی ئەربێلوادا دەبێتە میوانی ڤیاڕیاڵ و دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە گەڕانەوەی ئەستێرەکانی، جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کەم بکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، ریاڵ مەدرید بە ڕاهێنەرایەتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا گەشت بۆ یاریگای لا سیرامیکا دەکات تاوەکو رووبەڕووی ڤیاڕیاڵی سێیەمی ریزبەندی ببێتەوە. یانە مەدریدییەکە تەنیا 1 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگەوە دوورە و دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییەدا گوشارەکانی سەر رکابەرە مێژووییەکەی زیاتر بکات.

ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری نوێی ریاڵ مەدرید کە شوێنی چابی ئەلۆنسۆی گرتووەتەوە، توانیویەتی کێشەکانی نێوان راهێنەر و یاریزانان چارەسەر بکات، بەتایبەت لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر. ئەربێلوا شێوازی یاریکردنی گۆڕیوە و ئازادی زیاتری بە کیلیان ئێمباپێ و بێلینگهام بەخشیوە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی، ئەربێلوا وتی: "دەمەوێت ریاڵ مەدریدێک ببینم دوور بێت لە ئاڵۆزییە تەکتیکییەکان و یاریزانان بە ئازادی گوزارش لە تواناکانی خۆیان بکەن."

ریاڵ مەدرید بۆ ئەم یارییە سوود لە گەڕانەوەی رۆدریگۆ و براهیم دیاز وەردەگرێت، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی پێنجەم کارتی زەردەوە لە تواناکانی ئۆریلیان چوامینی بێبەش دەبێت و هەریەکە لە داڤید ئالابا و دین هاوسن ئەرکی هێڵی بەرگرییان لەئەستۆ دەبێت.

لە بەرانبەردا ڤیاڕیاڵ بە سەرکردایەتی مانوێل پێلێگرینی، لەم وەرزەدا لە کۆی 30 خاڵ لە یاریگای خۆی، توانیویەتی 25 خاڵ کۆبکاتەوە، هەرچەندە بۆ ئەم یارییە سانتی کۆمیسانا و سانتیاگۆ مۆرینۆ بەهۆی سزادانەوە یاری ناکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP