دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەسەر برینداربونی دوو کارمەندەکەی ئاسایش لەچەمچەماڵ هاتە دەنگ

هەرێم نیوز

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، کاک عەتا بەرپرسی نوسینگە و نوێنەری بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پێشمەرگانە لای عەبدوڵای کوێخا موبارەکن و بە شێوەی پیلانگێڕی ویستویانە ئاژاوە دروست بکەن، هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناو زڕاندن نەبووبێت و ئەو بابەتە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.

دەقی نوسینەکەی حەبدوڵا کوێخا موبارەک:

ئەمڕۆ لە شاری چەمچەماڵ شەڕ لە نێوان تیمێکی هێزەکانی ئاسایش و دوو پێشمەرگەی فەوجێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕوویدا کە زیاتر بە فەوجی من ناو دەبرێت و بەداخەوە دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.

کاک عەتا بەرپرسی نوسینگە و نوێنەری بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پێشمەرگانە لای عەبدوڵای کوێخا موبارەکن و بە شێوەی پیلانگێڕی ویستویانە ئاژاوە دروست بکەن، هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناو زڕاندن نەبووبێت و ئەو بابەتە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، هەروها میدیاکانی پارتی دەڵێن کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتیە.

ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کێشەکە نە پیلانگێڕیە، نە کێشەی کۆمەڵایەتیە، بەڵکو بەهۆی پەیوەست نەبوونی پێشمەرگەکان بووە بەو ڕێکار و سەرەگرتنەی ئاسایشەکان پەیڕەویانکردووە بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە ڕێکخراوی خێرخوازی بارزانی.

ئەو دوو پێشمەرگەیە لەگەڵ دایک و خێزانیان چوونە بۆ هاوکاری وەرگرتن، هیچ ناکۆکیەکی کۆنیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئاسایشدا نەبووە، بەتایبەت کاکە ئاکۆ کارمەندێکی بە ڕەوشت و کوڕی کەسایەتی و بنەماڵەیەکی زۆر جوان و خۆشەویستی شاری چەمچەماڵە و لە ساڵی ١٩٨٨وە دۆستایەتی و تێکەڵیەکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستیمان هەیە و بۆ تەنها جار و تەنها دەقەیەک دڵمان لە یەکتر نەشکاوە.

خوای گەورە شیفای برنیدارەکان بدات و بەهیوای زوو چاکبونەوەیان.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک
١٢/١٢/٢٠٢٥

ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لەكاتی دابەشكردنی هاوكاری كەسێك چەند جارێك ئیستفزازی كردوە بە "پلان" و دواتر راستەوخۆ تەقەی لە سێ كارمەندی ئاسایش كردوە كە یەكێكیان برینەكەی سەختە و تەقەكەرەكە پێشمەرگەیە لای عەبدوڵای كوێخا موبارەك.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP