هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی عەزم، دەڵێت: لە كۆبوەنەوەكەی شەوی رابردوی ئەنجومەنی سیاسی سوننەكاندا، هەموو وردەکارییەکانی تایبەت بە کاندیدکردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان تاوتوێ کراوە، بەپێی ئەو پێوەرەى رێککەوتنەی لەسەر کراوە لەگەڵ هاوبەشەکان.
ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "شەفەق نیوز" كردووە، وتویەتی: ژمارەی کاندیدەکانی ئەو پۆستە لە شەش کەسەوە بۆ سێ کەس کەمکراوەتەوە، نیمچە كۆدەنگییەك هەیە لەسەر هەڵبژاردنی موسەننا سەمەڕائی، بەوپێیەی هەڵوێستەكانی چەسپاوەو میانڕەوە لە مامەڵە حزبی و سیاسییەکانیدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی تەقەدوم راگەیاندووە: محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبەكە، ناوی خۆی لەنێو کاندیدەکانی ئەو پۆستەدا خستووەتەڕوو، هاوشانی موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و، سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگری.
باسی لەوەشكردووە: کۆبونەوەکان لەنێوان سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی بەردەوام دەبن تاوەکو کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەبێتەوە، پێشبینیشی كردووە، ئەنجومەنەکە لەماوەی دە رۆژدا کاندیدەکەی بخاتەڕوو و هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان لە ناوی کاندیدەکە ئاگاداربکاتەوە پێش ئەوەی رابگەیەنێت، بەمەبەستی گەیشتن بە کۆدەنگی سیاسی.