دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلای دەکاتەوە

هەرێم نیوز

رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەكلابكاتەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی چاوەڕوانییەكانی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاندووە: ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هێشتا بەردەوامە سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیران، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرج و خەسڵەتانەی كە پێشتر لەلایەن لیژنەی راسپێردراو تایبەت بەم بابەتە تاوتوێکراون.

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە: قسەكردن لەسەر ناوی ژمارەی کاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە تاڕادەیەکی زۆر زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت، چ لیستەکە درێژ بێت یان کورت، چونکە بە کردەیی تەنها دوو ناو بەڕاستی کێبڕکێ بۆ ئەو پۆستە دەکەن، ئەوانیش: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستاو نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوترە، ئەو ناوانەشی کە لە لایەن هەندێک لایەنەوە دەخرێنە ڕوو یان وەک کاندیدی تارمایی پێشنیازكراون، زیاتر بۆ ئەوەیە لە حالێكدا ئەگەر نەتوانرێت رێککەوتن لە سەر یەکێک لەو دوو ناوە سەرەکییە بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە: هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سروشتى فشارە دەرەکییەکانيش رەچاو دەكات، بەتایبەتی ئەمریکا، کە نایانەوێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە گروپە چەکدارەکانەوە نزیک بێت، لە هەمان كاتیشدا چوارچێوەکە روبەڕوی ئاستەنگی ناوخۆیی بووتەوە کە خۆی لە گروپە چەکدارەکاندا دەبینێتەوەو تائێستا رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان بن، وێڕای سەرکەوتنی هەندێک لە باڵە سیاسییەکانیان لە سەپاندنی ئامادەیی نوێنەرایەتیان لەناو پەرلەمانی نوێدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ماوەیەکە بووەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی. لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا، چوارچێوەکە تایبەتمەندی و پێوەرەکانی بۆ کاندیدی ئەو پۆستە دیاری کردووە؛ جەختیان لەسەر لێهاتوویی، دەستپاکی و توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووەتەوە.
لیژنەیەکی تایبەتمەند لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاندیدەکان. بەپێی زانیارییەکان، لیستێک لە ناوی کاندیدەکان ئامادە کراوە و ژمارەیان لە نێوان 4 بۆ 9 کاندید دایە.

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە، هێزە سیاسییەکان دەیانەوێت پێش کۆتاییهاتنی ماوەی دەستووری، کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە و ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ناوەکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لایەنەکان پێویستە سەرەتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پاشان سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، ئینجا بە فەرمی سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕابسپێرێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP