هەرێم نیوز
كوڕی سیاسەتمەدارێكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە بافڵ تاڵەبانی بەربژێر بووە بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، بەڵام لە لایەن عەرەبە شیعەكانەوە رەت كراوەتەوە.
یەزن مشعان جبوریئەمینداری گشتی حزبی نیشتمان و كوڕی مشعان جبوری، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی عەهد رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی كاندید بووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڵام رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
یەزن مشعان جبوری، وتی: وەك قەیس خەزعەلی ئاماژەی پێكردووە، كاك بافڵ فول مواسەفاتە بەڵام عەرەبی نازانێت بۆیە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق نابێت.
راشیگەیاند: یەكێك لە سەركردەكانى عێراق وتویەتی: بافڵ تاڵەبانی پێی وتوم من كوڕی جەلال تاڵەبانیم كێشەتان چییە، ئەویش پێيوتووە: جەلال تاڵەبانی بە عێراقی قسەی دەكرد، عێراقییەكی پەتی, تۆ ناتوانیت بە عەرەبی قسە بكەیت و كوردیەكەشت زۆرباش نییە، لەبەرامبەر بافڵ تاڵەبانی وتویەتی: بە ئینگلیزی قسەدەكەم، ئەویش پێيوتووە: بیهێنە پێش چاوی خۆت سەرۆكێكی عێراقی كوردی لە كۆمكاری عەرەبی بە زمانی ئینگلیزی وتار بدات ، قورسە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرچەندە بەپێی عورفی سیاسی بێت، پۆستی سەركۆماری عێراق پشكی كوردە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كورسیی پەرلەمانی عێراقی لە نێو حزبە كوردستانییەكان بەدەست هێناوە، پارتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت.