هەرێم نیوز
وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا پرسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەت و هەسەدە تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتوونەتە دیمەشق.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شاندە باڵاکەی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی سووریا و بەرپرسانی دیکە کۆ دەبنەوە، ئامانج لێی ئەنجامدانی "هەڵسەنگاندنێکی گشتییە" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی 12ی 2024.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەتە بە باسکردن لە بەرەوپێشچوونەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی 3ی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، کە ئەنقەرە ئەم بابەتە بە پەیوەست بە ئەولەویەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنقەرە بەنیازە پرسی "مەترسییە ئەمنییە نوێیەکان لە باشووری سووریا بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" و "پەیوەستبوونی ئەم دواییەی سووریا بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش" بخاتە ڕوو.
پێشتر هاکان فیدان هۆشداری دابووە هەسەدە و وتی: "هەر دواکەوتنێکی نوێ لە پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا، هەڕەشە لە یەکپارچەیی نیشتمانی دەکات و ئارامیی هاوبەشانی ڕێککەوتنەکە خەریکە نامێنێت."
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە 10ی 3ی ئەمساڵدا، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان واژۆ کرد، بەڵام جیاوازیی دیدگا لەنێوان هەردوولا بووەتە ڕێگر لەبەردەم خێرا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.