هەرێم نیوز
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە دیمەشق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کردووە، بەڵام تورکیا پێی وایە هەسەدە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و هیچ نیازێکی نییە هێزەکانی تێکەڵ بە سوپای سووریا بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند: "وەڵامێکمان لە هەسەدەوە بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی 3ی 2025 و لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو وەڵامەین."
ئەسعەد شەیبانی وتیشی: "تا ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەکی جدی و ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن هەسەدەوە بەدی ناکرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، هەر دواکەوتنێکیش لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا، کاریگەریی نەرێنی دەبێت و زوڵمێکە بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە دەکرێت."
لای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە هێزەکانی سووریا دووپات کردەوە و وتی: "وا دەردەکەوێت هەسەدە هیچ نیازێکی نەبێت بۆ بەرەوپێشچوون لە ڕێککەوتنەکەی 10ی 3 و جێبەجێکردنی، جگە لەوەش هەسەدە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە."
هاکان فیدان باسی لەوەش کرد، ئیدارەی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، نموونەیەکی بەڕێوەبردنی هەیە و سەقامگیری و گەشەپێدانی لە وڵاتەکەدا بەدیهێناوە، بۆیە ئەنقەرە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
جێی باسە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای تورکیا کە پێکهاتبوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکان و چارەنووسی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق.