هەرێم نیوز
شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات و سبەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکەن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: بڕیارە شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بکات و دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان (شیعە و سوننە) بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
لە دواین کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، شاندێکی دانوستانکار بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێنرا.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییە و پێکهاتووە لە هەریەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی، لایەنەکانی عێراق بەتایبەتی سوننەکان گفوگۆکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەو مەبەستە.