هەرێم نیوز
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێ چەكدار لە ئۆتۆمبیلێكەوە تەقە لە عهقید زهید عادل، بهڕێوهبهری پێشوی بنكهی پۆلیسی عهرهفه له كهركوك دەكەن و دەیكوژن، پۆلیس دوو تۆمەتبار دەستگیردەكات و تۆمەتباری سێیەمیش كە شوفێرەكە بوە بە كوژاوی لە شەقامی بازنەیی كەركوك (حەولییەكە) دۆزراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەكەی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك، تۆمەتباری سەرەكی لەسەر شەقامی بازنەیی شاری كەركوك دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی شۆفێرەکەی کوشتوە کە لەگەڵیدا بوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتوە، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی هەڵبێت لەگەڵ یەكێكی دیكە هاوكارەكانی كە ئەویش دەستگیركراوە.
لەبارەی هۆكاری ڕوداوەكەوە ئەو سەرچاوەیە وتی، "برایەكی تۆمەتباری سەرەكی پێشتر لەلایەن عهقید زهید عادل لە كار دورخراوەتەوە و دوای بەڕێوەچونی پڕۆسەی دادگاییكردن، بڕیاری دادگاش لە بەرژەوەندی عهقید زهید عادل كۆتاییهاتوە، ئەوەش پاڵنەبوە ئەوەی تۆمەتبارەكە هانبدات بۆ ئەوەی تۆڵەی براكەی بكاتەوە".
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی لە تیرۆری زەید عادل، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی پۆلیسی کەرکوک دا، کە دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لەبەردەم ماڵەکەیدا تەقەی لێکرا، کوژرا.