دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

میلیشیاکانی عێراق بە مەرج رازین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکەنەوە

سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)یان ڕاگەیاندووە: "زۆربەی سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکان لارییان نییە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن و تێپەڕاندنی ئەو دوژمنایەتییەی ساڵانێکە هەیە، بەڵام دەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە پشت بە پرەنسیپی ڕوون ببەستێت."

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە زۆرێک لەو سەرکردانە دەترسن لەوەی دوژمنایەتی لەگەڵ واشنتۆن لە کۆتاییدا ببێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات بە زیانی ئەوان، بۆیە نایانەوێت سەرکێشی بەو هەژموون و دەسەڵاتە بکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتدا بەدەستیان هێناوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە "هەندێک لە سەرکردەکانی گروپەکان مەیلیان بۆ جۆرێک لە (بەرژەوەندیخوازی) سیاسی هەیە و هەوڵدەدەن لە دوژمنایەتی واشنتۆن دەرباز بن. ئەوان پێیان وایە توانای ئەوەیان هەیە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن دەتوانێت ناویان لە لیستی سزاکان و تیرۆر دەربهێنێت."

مەرجەکانی گروپە چەکدارەکان

سەبارەت بە سروشتی ئەو مەرجانەی گروپەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دایانناوە، سەرچاوەکان دەڵێن: "دەرهێنانی ناویان لە لیستی تیرۆر لە پێشینەی مەرجەکانە، چونکە زیانی زۆری بە ژیانی ئابووری و سیاسییان گەیاندووە. هەروەها پابەندبوون بە نەکردنە ئامانجیان و دانەنانی هێڵی سوور بۆ بەشدارییان لە حکومەتی داهاتوودا، لەگەڵ دیاریکردنی خشتەیەک بۆ کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق."

بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە "ئەو گروپانەی بە شێوەیەکی ڕیشەیی بە (ویلایەتی فەقیهـ)ی ئێرانەوە بەستراونەتەوە، بە ڕەهایی ئاساییکردنەوە ڕەت دەکەنەوە، مەگەر واشنتۆن و تاران لەسەر جۆرێک لە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕێکبکەون."

دژایەتی هەندێک گروپ و مەرجی ئەمریکا

لەلایەکی دیکەوە، "کەتائیبی حزبوڵڵا" ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕەتکردنەوەی چەکداماڵینی ڕاگەیاند و پێی وابوو کە سەروەری و کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی عێراق و ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی پێش مەرجی قسەکردنن لەسەر سنووردارکردنی چەک. هەروەها بزووتنەوەی "نوجەبا" جەختی لە بەردەوامبوونی بەرگری دژی بوونی ئەمریکا کردەوە.

سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی سەرکردەکانی گروپەکان، بەوانەشەوە کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان، پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕیوە، کە ئەمریکا جەختی لەسەر دەکاتەوە. بەڵام ئەم پێشوازییە بۆ لایەنی ئەمریکی بەس نەبوو ئەگەر بە هەنگاوی کردەیی و جێگیرەوە نەبەسترێتەوە.

مارک ساڤایا، نوێنەری ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: "ئەو هەنگاوانەی گروپە چەکدارەکان بەرەو چەکداماڵین ڕایانگەیاندووە گەشەسەندنێکی جێی پێشوازییە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها لێدوان بەس نییە و دەبێت چەکداماڵینەکە گشتگیر و گەڕانەوەی بۆ نەبێت و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP