هەرێم نیوز
بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی پێکهاتەی کوردە و پێویستە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەو پۆستە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بە جۆرێک کە چیتر لایەنێکی دیاریکراو ئەو پۆستە بە "موڵکی تایبەتی خۆی" نەزانێت.
بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێت میکانیزمی دیاریکردنی بگۆڕدرێت."
سێ پێشنیازی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار خستە ڕوو:
١- لە پەرلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد دیاری بکرێت.
٢- تێکڕای لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە و لەسەر کەسێک ڕێکبکەون.
٣- فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن.
وتیشی: "مەرج نییە ئەو کەسەی دیاری دەکرێت پارتی یان یەکێتی بێت، دەکرێت لە لایەنێکی دیکە یان کەسێکی بێلایەن بێت؛ گرنگ ئەوەیە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات."
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بە پشکی پێکهاتەی کوردە. لە خولەکانی ڕابردوودا ئەم پۆستە هەمیشە بووەتە جێی مشتومڕی توند لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پۆستەکە پشکی گەلی کوردستانە نەک حزبێکی دیاریکراو و دەبێت بە "کۆدەنگی" یان بەپێی "ئیستحقاقی هەڵبژاردن" یەکلایی بکرێتەوە. لە بەرامبەردا، یەکێتی ئەم پۆستە بە بەشێک لە "ڕێککەوتنی ستراتیژی" و ئیستحقاقی خۆی دەزانێت. پەیامەکەی ئەمڕۆی بارزانی لە کاتێکدایە کە ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتییەکان دەستی پێکردووە و کورد دەیەوێت بە یەک کاندیدی هاوبەش بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە تێپەڕاندنی کاندیدێک کە تەنها نوێنەرایەتی لایەنێکی دیاریکراو بکات.