دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کەشناسێک؛ بەفر سەنتەری شارەکانی هەرێم دەگرێتەوە

هەرێم نیوز

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ڕایدەگەیەنێت، سەرەتا کاریگەری قۆناغی یەکەمی ئەم شەپۆلە بەفر و باران و با چالاکەی هەیە لەسەر ناوچەکانمان لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 28/12/2025 لاواز دەبێت و کۆتایی پێدێت و لە نیوەڕۆی سبەی دووشەمەوە 29/12/2025 قۆناغی دووەمی ئەم شەپۆلە دەست پێدەکاتەوە، سەرەتاش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە و پاشان کاریگەریەکانی لە ئێوارە و شەودا درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم قۆناغە لە هاتنی بارستە هەوایەکی ساردتر پێکدێت کە سەرچاوەکەی جەمسەری باکوورە لەگەڵ کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست کە لەئەنجامدا دەبێتە هۆی شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما بۆ تەواوی ناوچە شاخاوییەکان و زۆربەی سەنتەری شارەکانیش لەم قۆناغەدا بەفر دەبارێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرما بەرێژەی 3 تا 5 پلە و چالاکبوونەوەی بای باشوور بەخێرایی 15 - 30 کم لە کاتژمێرێکدا کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 30/12/2025 بەردەوامی دەبێت و پلەی گەرماش لە رۆژی سێشەمە زیاتر نزم دەبنەوە و شەختە و بەستەڵەک دروست دەبێت. 

سه‌باره‌ت به‌ به‌فربارین له‌ شار و شارۆچكه‌كان ئه‌و كه‌شناسه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ سنووری پارێزگای دهۆک لە کاتەکانی سبەی نیوەڕۆوە دەست پێدەکات و جگە لە ناوچە شاخاویەکان راستەوخۆ بەفر سەنتەری شاری دهۆک و زاخۆ دەگرێتەوە لەگەڵ تەواوی ئەو شار و شوێنانەی لە سنووری پارێزگاکە بەرزیان لە 400 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە زیاترە، رێژەی بەفر بارین لەسەنتەری دهۆک و زاخۆ 10 - 20 سم ، لە ناوچە شاخاوییەکان 20 - 30 سم لە شەودا شەپۆلەکە لە سنووری دهۆک کۆتایی پێدێت.
ئه‌و كه‌شناسه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، سنووری پارێزگای هەولێر سبەی نزیک کاتی ئێوارە دەست پێدەکات لە سەرجەم ناوچە شاخاویەکان و سنوری ئیدارەی سۆران بەفر دەبارێت و لە سەنتەری پارێزگا بارانێکی مامناوەند دەبێت و بە گشتی لە بەرزی 500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر دەبارێت پاشان لە کاتی لاوازبوونی شەپۆلەکە لە کاتەکانی شەودا پلەی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و ئەگەر هەیە لە سەنتەری شاری هەولێر و شوێنە نزمەکانیش بەفرێکی کەم ببارێت بەرێژەی 1 - 2 سم ، لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە و بەگشتی ئیدارەی سۆران ئەگەری بارینی 15 - 30 سم هەیە و لە بەرەبەیانی سێشەمە کۆتایی پێدێت.  

ئەو کەشناسە وتیشی،  سنووری ئیدارەی راپەرین سبەی کاتەکانی ئێوارە دەست پێدەکات لە سەرجەم شوێن و ناوچەکانی ئیدارەکە لە بەرزی 400 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر دەبارێت بۆ نمونە لە سەنتەری ڕانیە و قەڵادزێ و کۆیە و حاجیاوا و سەنگەسەر و دووکان و چوارقورنە و سەروچاوە  ، رێژەی بەفر بارین لە سنووری ئیدارەی راپەرین 15 - 40 سم لە بەرەبەیانی سێشەممە کۆتایی پێدێت.

هاوكات ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، سنووری پارێزگای سلێمانی سبەی ئێوارە دەست پێدەکات و جیا لە ناوچە شاخاویەکان راستەوخۆ بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانی و سەرجەم ئەو شوێنانەی بەرزیان زیاترە لە 600م لە ئاستی ڕووی دەریا ئەبارێت ، پاشان لەکۆتای شەپۆلەکەدا لەبەرەبەیانی رۆژی  سێشەمە بەفر لە شوێنە نزمەکانی پارێزگاکەش دەبارێت ، رێژەی بەفر بۆ سەنتەری شاری سلێمانی 10 - 20 سم ، لە سەنتەری شاری پێنجوێن و تەواوی ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە 20 - 35 سم ، لە چەمچەماڵ لە شوێنەکانی دیکە پارێزگاکەش 5 - 10 سم و پێش نیوەرۆی رۆژی سێشەمە کۆتایی پێدێت .

ئه‌وه‌شی وت، سنووری پارێزگای هەڵەبجە سبەی لە کاتەکانی شەو دەست پێدەکات و لە ناوچە شاخاویەکان لەبەرزی 800 مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ئەبارێت و لەسەنتەری پارێزگا و شوێنە نزمەکان بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ دەبارێت و پاشان لە کۆتایی شەپۆلەکە و لاوازبوونی لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و ئەو شوێنانەی بەرزیان زیاترە لە 600 بەفرێکی کەم دەبارێت و پێش نیوەڕۆی سێشەممە کۆتایی پێدێت، رێژەی بەفر لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە 10 - 25 سم.

له‌ سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک سبەی ئێوارە دەست پێدەکات و پێشبینی بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ دەکرێت بەرێژەی 6 - 15 ملم و لە کۆتایی شەپۆلەکە لە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە لە بەرزایەکانی باکووری گەرمیان لە بەرزی 600 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفرێکی کەم دەبارێت و پاشان کۆتایی پێدێت.

راشیگەیاند،  لە دوای کۆتایی هاتنی ئەم قۆناغەی شەپۆلەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و لە سەنتەری پارێزگاکان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان 2 بۆ 4 پلەی سەدی دەبێت و نزمترین 3 تا 5 پلە بۆ خوار سفر نزم دەبنەوە، لە ناوچە شاخاویەکانیش بە گشتی بەرزترین پلە 2 بۆ 3 پلە لە خوار سفر ئەبن و نزمترین 8 بۆ 15 پلە لە خوار سفر، بۆیە لە زۆربەی شوێنەکان شەختە و بەستەڵەک دروست دەبێت لەگەڵ بەستنی رێگاکان، قۆناغی کۆتایی ئەم شەپۆلە لە کۆتای هەفتەوە دەست پێدەکاتەوە، لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی 2/1/2026 جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP