هەرێم نیوز
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی سەرڕێژبوونی بەنداوی "دێوانە"، قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان زنجیرەیەک ڕێنمایی و هۆشداری بەپەلەی ئاراستەی هاوڵاتیان و شۆفێران کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی گشتی.
سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لەو هاوڵاتیانە کرد کە خاوەنی پڕۆژە، کار، یان ئاژەڵدارین لە ناوچەکانی خوارووی بەنداوی دێوانە، کە بە هیچ شێوەیەک نەکەن و مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ئەو شوێنانە نەکەن. قایمقامیەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هاوڵاتیان لە بەنداوەکە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەدوور بن.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە بارودۆخی ڕێگاوبانەکان، قایمقامیەتی دەربەندیخان هۆشداری داوەتە شۆفێران و دانیشتوانی گوندەکان کە بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و تێکچوونی دۆخی ڕێگاکان، ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان بۆ کاری زۆر زەروور نەبێت بەکارنەهێنن.
هەر لە چوارچێوەی هۆشدارییەکاندا، داوا لە هاوڵاتیان کراوە کە لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە مەترسی کۆبوونەوەی ئاوی زۆر و دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، قایمقامیەتی دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕێکارانە تەنها بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە و داوای هاوکاری و پابەندبوون لە هەمووان دەکەن.