هێمن عەبدولقادر
پاشا لەگەڵ وەزیرەکانی کۆبوویەوە ، گوتی :- ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە دەبیستم کە هەندێک لە وەزیرەکانم تێک چوون ، خەریکی کایە و یاری کردنن لەگەڵ مندالەکان لە قەراغی شار ، وەزیری دانا گوتی قوربان من زۆربەی ڕۆژەکان لەوێم هیچ کەسێکی عاقڵ نابینم بێت بۆ ئەوێ.
عیسا سەلامی خودای لەسەر بێت (قاچی حەوارییەکانی خۆی دەشت) خوێندکارەکانی دڵتەنگ و ناڕەحەت بوون ، گوتیان تۆ مامۆستای ئێمەیت دەبێت ئێمە پێیەکانی تۆ بشۆین ، عیسا فەرمووی:-
مرۆڤ گەورە نابێت هەتا پێ بە غروری خۆیدا نەننێت ، زانست فراوان نابێت ، هەتا وانەیەک بەوانی تر نەدەیت ، هیچ مەوعیزە و ئامۆژگارییەکیش لەوە گەورەتر نییە مرۆڤ بە کردەوە ئەمە نیشان بدات ، نەک بە وتار و قسە و بەیاننامە.
پاشای جاران نیوەشەو دەمووچاوی خۆی ئەپێچا خۆی ئەکرد بە کوچە و کۆڵانەکانی قەراغ شار ، تا بزانن خەڵکی دەربارەی ئەوان چی دەڵێن ، گوزەرانیان چۆنە ، ئەوەی کە دەربار و ماستاوچییەکان پێی ناگەیەنن ، خۆی لە نزیکەوە بیبیستێت.
.......................
ئەوەی پشت لە خۆرەتاو بکات بەس ، سێبەری خۆی ئەبینێت ، ڕووکردنە خۆر ناڕەحەتە ، بەڵام سێبەرەکەت بۆخۆت نابێت دەکەوێتە سەر کەسانی تر ، دەکەێتە سەر سەگ و پشیلە و بەراز و مرۆڤ و عەدالەتی مەملەکەت ، ئەوکات هەمووان ئامادەن تا مردن لەپشتی تۆوە لە سێبەری تۆوە بەرگری لەو سێبەرە بکەن.
بەڵام وەختێک فەرمانڕەوایەک پشت بکاتە خۆر و سێبەری تەنها لەسەر خۆی و کۆمەڵێک بێت ، هەم خۆر دەیسوتێنێت ، هەم گەلەکەی.
هەرچی سەفەر و قسەیەک سەختر و ناڕەحەتتر بێت لەبەر دڵان ، ئەزموون کردن و راستی تیایدا بایەخدارتر و زیاترە ، (جێگایەک کە تا ئێستا پێی نەگەیشتبین ، کەواتە دەبێت بە ڕێگایەکدا بڕۆین کە تا ئێستا پێیدا نەڕۆشتووین) ، گوێ لە قسە گەلێک بگرین کە تا ئێستا گوێمان لێنەگرتووە.
(وگر صد باب حکمت ، پیش نادان
بخوانند، ایدش بازیچە در گوش)
مەردوومی ژیر و دانا ئەگەر شروب و تاڵی و قسەی تفت و تاڵیشی پێ بڵێی حیکمەتێکی تیادا دەدۆزێتەوە ، لێ مرۆی مەغرور و نەزان ، هەزار حیکمەت و دانایی نیشان بدەیت گاڵتەی بەمەسەلەکە دێت.
...........................
کە ئیمپراتۆریەتی ساسانیەکان ڕوخا (بوزورگمێهر)ی سەرەک وەزیران ، سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت بۆ ووڵاتی (تەتەرستان) لەوێ لێیان پرسی هۆکاری روخاندنی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی وەک ساسانیەکان چی بوو ؟
لە وەڵامدا (بوزورگمێهر) ووتی :-
(لەبەر ئەوەی کاری گەورەمان بە خەڵکی بچوک دەسپارد و کاری بچوکیشمان دایە خەڵکی گەورە ، بۆیە گەورەکان بە کاری بچوک ڕازی نەبون و هەمیشە هەستیان بە زوڵم دەکرد و ئیشەکانیان بە باشی نەدەکرد ، بچوکەکانیش دەرەقەتی کاری گەورە نەدەهاتن چونکە هیچیان لێنەدەزانی ، سەرەنجام هەموو شتێک ڕوخا)
هەر کاتێک ویستت ئیمپراتۆریەتێک بەبێ کێشە بروخێنی تەنها ئەوەندە بەسە کە گوێ لەکەس نەگریت و پێ لە غروری خۆت نەنێیت و ئاگات لەخەڵکی خۆت نەبێت و چواردەورت پڕکەیت لە ئینسانی بچوک و بێ بەهرە ، ئیتر هەمووشتەکانی تری وەک (کارگێڕی ،خێزان ،ڕاگەیاندن ، یاسا ، بەها ، رەوشت ، سنور ، دامەزراوەکان ... هتد) هەر هەموویان یەک بە دوای یەکدا دەکەون و دە ڕوخێن. لە مێژە گوتوویانە قوڕە بەراز هیچ کەس لێی دەرناچێت چونکە خراپ دەشێلرێت.
نوقتە سەری دێڕ ....
...................................
کورد ئەڵێ (نەهامەتی باشە قۆرتەکانی خراپە) نەهامەتی یەکجارە ، بەس چاڵوچۆڵیەکانی کە لیوەی دروست دەبێت هەرگیز پڕ نابێتەوە.
جاران زانایەک بۆ ئەوەی بە خوێندکار وەرگیرێت ، ناردوویانەتە بازاڕ بۆ ئەوەی قورسترین کار بکات ، کەسێک کە چووەتە داوای کچێک ناردوویانە ، شوانی بەرازی بکات ، یان ڕۆژانە نان و ئاو لە بازاڕدا بدات بە سەگ و برسی و گەڕو گولەکان ئەوانەی کەکەس بێزی نایات بەلاشیاندا بروات ، ئەمە بۆ ئەوە نەبووە ، کە کەسایەتی ئینسانەکە بشکێنن ، نا ، بۆ ئەوە بووە غرورەکەی بشکێت بۆ ئەوە بووە کەسەکە کەمێک پێ لە ئیگۆ و هەواو و خود شەیدایی و لە خۆ بایبوونی خۆی بنێت.
ئاخر مرۆڤێک کە لە بوورجی عاجەوە وەستابێت ، تەبعەن هەمووان وەک مێروولە بچووک دەبینێت ، ئەوەی لەسەر بورجی نازناو و ڕەسەنی و بنەمالە و زانست و بروانامە و پایە بوەستبێت ، هەمووان وەک نارەسەن و بێ ناو و نەخوێنەوار و بچووک دەبینێت.
پیرەمێرد دەڵێت :-
گەورە کەسێکە شێوەی شەمعی بێت
بۆخۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێت
مرۆڤی گەورە ئەوەیە کە خۆی لە میحنەت و نارەحەتیدا بێت و ئازار بچێژێت و ببێت بە ڕووناکی بۆ چواردەورەکەی ، نەک پێ لەسەر شان و ملی هەمووان بنێ و هەمووان بسوتێنێ بۆ ئەوەی خۆی بەتەنها بمێنێت.
پێغمەبەر درودی خوای لێبێت دەفەرموێت (يَوْمٌ مِنْ إِمَامٍ عَدْلٍ خَيْرٌ مِنْ عِبَادَةِ سِتِّينَ سَنَةً ، وَحَدٌّ يُقَامُ فِي الْأَرْضِ بِحَقِّهِ أَزْكَى مِنْ مَطَرِ أَرْبَعِينَ صَبَاحًا) ژیان کردنی یەک ڕۆژ لەژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر باشترە لە شەست ساڵ عیبادەت کردن ، جێبەجێ کردنی سزایەکی دادپەروەرانە لە بارینی چل ڕۆژ باران باشترە ، دادپەروەری گوڵ ئەڕوێنێ ، ئارەزووی هەمووان تێر دەکات ، فێری بەرپرسیارێتی و دڵسۆزییان دەکات ، هەمووان لەبەردەم یەکتری یەکسان دەکات ، کاتێک ڕوتبەی بجوک بە خەڵکی گەورە و مەکانی گەورە بە خەڵکی بچوک دەدەین ، هەموو تەرازووەکەی ژیان لاسەنگ دەبێت و سەرەنجام هیچ کەس دڵسۆزی بۆ هیچ کار و پیشە و خاک و ئاوێکیش نامێنێت.