دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگاری هەولێر جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بانگهێشت دەکات

هەرێم نیوز
پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئامادەبوونی دکتۆر حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازیی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کرد.
بەپێێ ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرهەنگی و ئابوورییە هاوبەشەکان کردەوە، هاوکات ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتریان.

لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر،دووپاتی لەوە کردەوە کە پاڵشت و هاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، خواستیانە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەیان لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.

هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵی محمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جوڵەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئازەربێجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، 

جەختی لەوەشکردەوە: ئێستاش خواستی ئێمە وەکو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP