هەرێم نیوز
گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کاریگەریی زۆریان لەسەر ئاستى جیهان دروستکردووە، بەڵام عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت.
ئەگەر سەردەمانێک عێراق شانازیی بەوەوەدەکرد کە وڵاتى نێوان دوو ڕوبارە و دیجلەو فورت ببونە دوو فریادرەسى گەورە بۆ گەلەکەى و هۆکاری دروستبوونى چەندین شارستانیەت بووبن، ئەوا لە ئەمڕۆ دا بوونەتە یەکێک لە کێشەکان و دوو چەم ناتوانن جێگەى رووبارە پڕ لە ئاوەکانى جاران بگرنەوە.
وەک سەرچاوەکانى کەشناسی ئاماژەى پێدەکەن بەهۆی کەمی دابارین و نزیکبوونەوە لەوەرزی کۆتایی هاتنى دابارین، وردە وردە کاریگەرییەکان دەردەکەون و بەرپرسانیش بەمەبەستى خۆ ئامادەکردن هۆشداریی دەدەن.
عۆن زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاندووە چیتر عێراق خاوەنى دوو رووبارى گەورەى دیجلەو فورات نییە، بەڵکو خاوەنى دوو جۆگەی ئاساییە و ئەوەندە ئاوى پێدا دێت کە تورکیا بەریدەداتەوە، ئومێدخۆشناو پارێزگاری هەولێریش لە کۆنفراسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمساڵ ڕووبەڕووى کەمئاوییەکى خراپ دەبینەوە، گوتیشى ساڵی پار لەم کاتانەدا بڕی 540 ملیمەتر باران باریبوو بەڵام ئەمساڵ تەنها 140 ملیم باریوە، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووى کەمئاویی دەبینەوە و هاوینێکى سەرختمان لەبەردەستە، جەختیشى کردەوە ئەوان هەرچییان لە توانادا بێت درێغى ناکەن.
زۆرینەى بەرپرسان و لایەنى پەیوەندیداری کەشوهەوا لە عێراق لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواو کەمی دابارین چاوەڕێی هاوینێکى سەخت دەکەن و هۆکاری سەرەکیش سیاسەتى ئاوە لە نێوان ئەم وڵاتە و دراوسێکانیدا کە زۆرجار بۆ مەرامی سیاسی لە دژى بەکاریانهێناوە و چاوەڕێش دەکرێت ئەم هاوینە بۆ عێراقییەکان و هەرێمى کوردستان لە ساڵانی دیکە قورستربێت.
پێشتر و لە ناوەڕاستى مانگی ئازاری رابوردوودا.
سەرچاوە ئاوییە سەرەکییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە دەرەوەى سنوورەکانەوە دێنە ناوەوە، بەڵام ئەوەى دۆخەکەى ناهەموارتر کردووە ئەوەیە لەناوخۆی کوردستان زۆرینەى ڕەهاى سەرچاوە ئاوییەکان لە کانی و زۆنگ و مێرگ و چۆمەکان نەتەقیون و نەبووژاونەتەوە. لە هەمان کاتیشدا رۆشنبیریی گشتى بۆ بەکارهێنانى ئاو کێشەکەى گەورەتر کردووە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئاوى شیرین لە هەموو دونیادا تەنها بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە کوردستان و عێراق بۆ هەموو کارێک بەکاردەهێنرێت، لە شۆردنى ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکان و لەبەر ئەوەى ئاوى بەنداوەکانیش داویانەتە کزیی کێشەکەى قوڵتر کردووەتەوە.