هەرێم نیوز
بڕیارە رۆژى 11ى تشرینى دووەمی ئەمساڵ هڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجام بدرێت وماوەیەکیشە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییە، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانى بەردەمیان پارت و هاوپەیمانییەکانن، کە وەک پێویست ناچن بەرەو تۆمارکردنیان یان نوێی ناکەنەوە تا کۆتا رۆژەکان و دواتر لۆدیان لە سەر دروستدەبێت و یەکێکى دیکەش نوێکردنەوەى بایۆمەترییە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژمارەیەکى زۆر خەڵک بێبشەکرد.
حەسەن هادى زایر ئەندامی دەستەى راگەیاندنى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند وادەى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانى و لایەنەکان لە 15ـى نیسانەوە دەستى پێکردووە و رۆژی 4ـى ئایار کۆتایی دێت، راشیگەیاند ئەو لایەنانەش پێشتر ناویان تۆمارکراوە پێویستە نوێنەرەکانیان سەردانى کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەى بزانرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن یان نە، تا ئامادەکاریی بکرێت بۆ ژمارەپێدان، گوتیشى تا ئێستا شەست هاوپەیمانى ناویان تۆمارکردووە و هیچ هاوپەیمانییەکى نوێ تۆمارنەکراوە، بۆیە حەسەن هادی رایگەیاندووە تا کات بەدەستەوە ماوە ئەو هاوپەیمانى و لایەنانەى خوازیاری بەشداریکردنن پێش تەواوبوونى وادەى کۆتایی ناو و لۆگۆى پارت و هاوپەیمانییەکانیان رادستبکەن، وە هیچ ئاماژەیەکی بەوەش نەکرد کە ئومێدى درێژکردنەوەى هەیە یان نە، لەبارەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەرانیشەوە .
ئەندامەکەى راگەیاندنى کۆمسیۆن گوتى تا ئێستا پێداچوونەوەیان بۆ هەزار حاڵەت کردووە و هەموویان چارەسەر کراون، لەبارەى وادەى سەردانى پارت و لایەن و هاوپەیمانەکان جەختی کردەوە رۆژانى هەینى و شەممانیش دەرگاى بنکەکانیان کراوەن کە ژمارەیان 1079 بنکەیە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا و لە مانگی رابوردووەوە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و لە کاتژمێر 8ـى بەیانییەوە تا 5ـى ئێوارە لە خزمەتى هاووڵاتیاندان و تەنانەت رۆژانى پشوو و جەژنەکانیش کاردەکەن.