هەرێم نیوز
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئێران باوەڕی وایە گەیشتنە ڕێککەوتن لە دوو مانگدا نایەتە دی و پێشنیاری کردووە ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
ئەکسیۆس دەڵێت دوو سەرچاوە پێی ڕاگەیاندوون، کە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە میانی دانوستانە ئەتۆمییەکان بە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی ڕاگەیاند کە ڕەنگە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی لەوکاتەی ترەمپ داوای کردووە مومکین نەبێت و پێشنیاری کردووە پێویستە لایەنەکان سەرەتا دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی کاتی بکەن.
دۆناڵد ترامپ وادەی "دوو مانگ"ی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دیاری کردووە، و فەرمانی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکردووە، ئەمەش ئەگەر ڕێگەی دیپلۆماسی شکستی هێنا.
ئەگەر دانوستانەکان نەگاتە ڕێککەوتن، ترەمپ دەتوانێت فەرمانی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات یان پشتیوانی لە هێرشی ئیسرائیل بکات بۆ ئەو بابەتە.
عێڕاقچی بە ویتکۆفی وتووە کە بەهۆی سروشتی چڕ و وردی تەکنیکی لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیدا، تەواوکردنی دانوستانەکان لە ماوەی 60 ڕۆژدا کارێکی لە ڕادەبەدەر قورسە.
بەڵام ویتکۆف بە عێراقچی ڕاگەیاندووە کە نایەوێت لەم کاتەدا باسی ڕێککەوتنی کاتی بکات. بەڵکو دەیەوێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا سەرنجی لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بێت.
بەپێی سەرچاوەکان، عێراقچی و ویتکۆف بە ناڕاستەوخۆ وتووێژیان لە ڕۆما ئەنجامداوە، بە نێوەندگیری بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، بەڵام ڕاستەوخۆش دیداریان هەبووە.
پێشتر خامنەیی ڕایگەیاندبوو "دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نە ژیرانە و نە شەرەفمەندانەیە". دواتر ڕازی بووە بەوەی دانوستانی "ناڕاستەوخۆ" لەگەڵ ئەمریکا بکرێت. بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن دانوستانی ناڕاستەوخۆ نامۆ نییە، هەمیشە و لە سەردەمی سەرۆکەکانی پێشووشدا هەبووە.
ترامپ بە وردی دیاری نەکردووە کەی وادەی 60 ڕۆژەکە تەواو دەبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە وادەکە دەستی پێکردووە و کات زۆری نەماوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ویتکۆف و عێراقچی لە کاتی دانوستانەکانی ڕۆمادا "پێشکەوتنی زۆر باش"یان بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئیسرائیلی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگرتووە.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە هێڵی سووری منە، بەڵام هەموو بژاردەکان بۆ ڕێگریکردن لەم کارە لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام دیپلۆماسی لە پێشینەی کارەکانیدایە.