دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

٥١ ساڵ بەسەر بۆردومانى قەڵادزێ دا تێدەپەڕێت

هەرێم نیوز 

ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر بۆردومانى شارى قەڵادزێدا تێدەپەڕێت کە لە لایەن سێ فڕۆکەى حکومەتى بەعسەوە هەڵیانکوتایە سەر شارەکە و لە ئەنجامدا بووە لاپەڕەیەکى رەش لە مێژووى ئەو پارت و حکومەتەدا و بووە ورەیەکیش بۆ شۆڕشی کورد.

لە رۆژی 24ـى نیسانى ساڵى 1974 فڕۆکەکانى ڕژێمی بەعس بەپاساوى گواستنەوەى زانکۆی سلێمانى بۆ ژێردەسەڵاتى شۆڕشی ئەیلوول و کۆبوونەوەى هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەو ناوچەبەدا، چوونە ئاسمانى شارى قەڵادزێ و بۆردومانیان کرد، دەستیان لە هیچ نەپاراست و جیاوازییان لە نێوان خەڵک و خاک و پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل دا نەکرد، لە ئەنجامدا 163 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسی تریش بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بەر بیناو خانوەکانى شارەکە کەوت بە جۆرێک یەک لەسەر سێی شارەکە تەختى زەوی کرا، تا ئێستاش ئەو بۆنەیە بووەتە هۆی کۆکردنەوەى خەڵکی جۆراوجۆری ناوچەکە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، دواى ئەوەى رێککەوتنى 11 ئازاری 1970 ى نێوان عێراق و شۆڕشی کورد هەڵوەشایەوە قەڵادزێ بووەتە لانکەى شۆڕش، بۆیە ڕژێمی بەعس ئەو دۆخەى پێ قبوڵ نەکرا ببێتە ناوچەى ئارام و خەڵک ڕوی تێبکات و شۆڕشی کورد کاروباریان بەڕێوە ببات.

هەر لەو ماوەیەدا لەسەر بڕیاری سەرکردایەتى شۆڕشى کورد زانکۆی سلێمانى لە قەڵادزێ کرایەوە و لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستانەوە قوتابییان ڕویانکردە ئەو زانکۆیە و خوێندنیان گواستەوە بۆ ناوچەى ئازادکراوى پێشمەرگە ئەوەش بۆ حکومەتی عێراقی سەخت بوو .
دواى ئەنجامدانى هێرشەکەو چۆڵبونى زۆرینەى شارەکە، ئەوەى مابویەوە بۆ شاردنەوەى تەرمەکان و بەدەمەوە چونى بریندارەکان باسیان لەوە کردوە کە کارەساتەکە ئەوەندە گەورە بووە تواناى هەڵکەندنى گۆڕیی تاکە کەسییان نەبووە، بۆیە هەموویان لە چەند گۆڕێکدا بەخاک سپاردووە و بریندارەکانیشیان بەرەو سنورەکانى ئێران رەوانە کردووە، لە ساڵی 1982 لەساڵیادی ئەو کارەساتەدا خۆپیشاندانێک ئەنجامدراوە و لەئەنجامى ڕێگریی بەعس و تەقەکردنیان 3 هاوڵاتى کوژراون و 8کەسی دیکەش برینداربوون، سەرجەم تەرمەکانیش بە جل و بەرگی خۆیانەوە نێژراون و مامۆستایانى ئاینى فەتواى شەهیدییان داون.

قەڵادزێ دەکەوێتە سنورى ئیدارەى سەربەخۆی ڕاپەڕین، چەندجارێکی تریش کارەساتى گەورەى بەسەرهاتوە و لە 20/6/1989 یش دا شارەکە بەتەواوى وێران وخاپورکراوە و خەڵکەکەشى بەرەو ئۆروگا زۆرەملێکان گوازراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەى دادگاى باڵاى تاوانەکان کارەساتی وێرانکردنى قەڵادزێ و سەیدسادەقى پێکەوە بە تاوانی جینۆساید ناساندوە بەڵام تا ئێستاش لە قاڵبی بڕیاردا ماوەتەوە و نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەمەبەستى قەرەبوکردنەوەى خەڵکەکەى، کارەساتی 14/4/1974 لەهزری خەڵکی ناوچەکەدا بە زیندوویی ماوەتەوە و ساڵانە یادی ئەو کارەساتەو شەهیدەکانى دەکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP