هەرێم نیوز
سەرەڕای ئەوەى گرژی و ئاڵۆزیی ماوەیەکى زۆرە بەرۆکی عێراقى گرتووەتەوە بە هەرێمى کوردستانیشەوە، بەڵام زۆرینەى کێشەکان دروستکراوى ئەودیو سنوورەکانە، هەردوو وڵاتى ئێران و تورکیا ناوبەناو بە پاساوى جۆراوجۆر دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و هەرێم دەکەن، بەشێکى پەیوەندیی بە هەژموونی ئێرانەوە هەیەو دەیەوێت قوڵایی دەسەڵاتی خۆی تێدا نیشان بدات و بەشێکى دیکەشى بوونى بنکە و بارەگاکانى پارتى کرێکارانى کوردستانە لە نێو حەرەمی هەرێمى کوردستاندا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى گرژیی و ئاڵۆزی لەو ناوچانەدا هەبێت کە تورکیا بە پێگەو شوێنى پەکەکەى دەزانێت و بە مافى خۆشى دەزانێت دەستێوەردان بکات بۆ ئەوەى سنوورەکانى بە ئارامی بهێڵێتەوە.
لە لایەکی تریشەوە هاوکات دوو دانوستان لەسەر هەردوو ئاستى ئەمریکا و ئێران لە بارەى پرۆژە ئەتۆمییەکەى ئێرانەوە دوو گەڕی بڕیوە و لە لایەکی تریشەوە گفتوگۆکانى نێوان شاندى ئیمراڵی لەگەڵ پەکەکە و سەرۆکایەتى کۆماری تورکیا ناوبەناو دێتەوە بەرباس و لە ئێستادا هەنگاو بۆ ئەوە دەنرێت کە سەرۆکی دەستگیرکراوى پەکەکە -ئۆجەلان- لە زیندانى ئیمراڵی بهێنرێتە دەرەوە و لە یەکێک لە دوورگەکانى ئیستانبوڵ بخرێتە ژێر چاودێری ورد و تیایدا ئەو تەمەنەى ماویەتى تێیدا بەسەر ببات، پێشتر ئۆجالان لە ئەگەری هێرشکردنەسەریدا رایگەیاندبوو کە خوازیار نییە لە ئیمراڵی بێتەدەرەوە، ئێستاش دەسەڵاتى تورکیا دەیەوێت لە یەکێک لە دوورگەکانی ئیستەنبوڵ خانوویەکی سێ نوستنی بۆ دروست بکات کە تەواوی پێویستییەکانی ژیانی تیابێت.
لەو خانووەدا کتێبخانە، ژووری کارکردن، تەنانەت هێڵی ئەنتەرنێتیشی تیادەبێت، بەگوێرەى قسەى شاندی ئیمراڵی لە سەردانەکەیاندا بۆ لاى وەزیری داد داوا دەکەن مافی ئومێد بۆ ئۆجالان دەستەبەربکرێت و لەو رێگەیەشەوە بۆ زیندانی ماڵی بگوازرێتەوە و ئاشکرا بووە کە دەست بە دروستکردنی خانووەکە کراوە.
لە لایەکی تریشەوە رۆژنامەى "کریستیان ساینس مۆنیتۆر"ـى ئەمریکی لە زاری بەرپرسانى عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە ئەگەر دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و تورکیا و پەکەکە سەرکەوتووبن لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمى کوردستانە لەبەر ئەوەى کۆتایی بەو کێشانە دێت کە ماوەیەکى زۆرە پێوەى دەناڵێنن،
رۆژنامەى مەداى عێراقى ئاماژەى بەوەکردووە عێراق سەرقاڵی چارەسەرکردنى برینەکانیەتى، زۆر پشت بە دانوستان و شێوازی ئاشتییانە دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنیان و نایەوێت لەو کێشانەوە بئاڵێت کە لەناوچەکەدا هەن، بەتایبەتى جەنگى دراوسیکانى، بەرپرسانى باڵا جەختیان کردووەتەوە لە ئەگەری سەرکەوتنى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێراندا عێراق سودمەند دەبێت و لەهەر گرژى و ئاڵۆزییەکیشدا هەر ئەو باجەکەى دەدات، رۆژنامەکە ئاماژەى بە لێدوانى بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە کە هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى سەرکەوتنى دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و گفتوگۆی نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و تورکیا کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر سەقامگیریی و ئالۆزیی عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە.