دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا: دۆخی سوریا خراپ و فشەڵە

هەرێم نیوز

هەرچەندە ماوەیەکى زۆر بەسەر گۆڕانکارییەکانى سوریادا تێپەریکردووە و دوێنێ ئاڵای نوێی سێ ئەستێرەیی سوریا لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە لایەن ئەسعەد شەیبانییەوە بەرزکرایەوە، بەڵام هێشتا ئومێد بەخشنین، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن دۆخەکە بە هێلکەى دەڵەمە دەچێت و هێشتا خۆی نەگرتووە، باس لەوەشدەکرێت کۆنترۆڵنەکردنى دەستێوەردانى دەرەکی سەرەکیترین هۆکارەکانى بەردەوامی ئەو دۆخەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی پێکهاتەکانى ئەو وڵاتەش بەشێکى دیکەى کێشەکانە .

غیر بیدرسۆن نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لە میانى دانیشتنێکی تایبەتى ئەنجوومەنى ئاسایشدا سەبارەت بە دۆخی سوریا کە دوێنێ بە ئامادەبوونى ئەسعەد شەیبانى وەزیری دەرەوە بەڕێوە چوو، رایگەیاند دۆخی کەنارەکانى سوریا هێشتا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە، گوتى گرنگترین و سەرەکیترین کارى سوریاى نوێ ئەوەیە بتوانێت تەندروستانە باکوری رۆژهەڵاتى سوریا لەگەڵ ناوەندەکەى پەیوەست و تێکەڵ بکاتەوە، کە مەبەستى رۆژئاواى کوردستانە کە ئەمڕۆ کۆنفراسی تایبەت بە دۆخی وڵاتەکە سازدەکات، جگە لەوەش پەیوەندییەکى پتەوی بە باشوورى کوردستانەوە هەیە و رۆڵی سەرەکیشى لە ناوخۆی وڵاتەکە و باکووری کوردستانیش هەیە، نوێنەرەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەى بەوەشکرد دۆخى ئابورییەکەى کارەساتبارە، بەجۆرێک بەشێکى زۆر لە کارگەکان پەکیان کەوتووە، هەناردەى نەوت وەستاوە، ئاستى بازرگانى زۆر خراپە و بەهای دراوەکەشى نەگونجاوە بۆ هەستانەوە،

لە بارەى دۆخی ئاسایشى وڵاتەکەشەوە گوتى زۆر فشەڵە و پێویستى بە بەهێزکردنى ئابوورى و چاکسازیی سیاسی گەورە هەیە، لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆر لەو کەسانەى کە پێشتر لە ڕیزبەندى گروپە توندڕەوەکاندابوون، لەبارەى دەستێوەردانەکانى ئیسرائیلیشەوە رایگەیاند دەبێت بەخێرایی ئیسرائیل رایبگرێت کە هێندە لە دیمەشقەوە نزیکن مەترسی گەورەیان بۆ دروستکردووە، لە لایەکی تریشەوە ماوەیەکە لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە بانگهێشتى دروزییەکان دەکرێت بەمەبەستى ئەنجامدانى مەراسیمى ئاینى بچنە سەر گۆڕی نەبی شوعەیب کە لە نێوان 22 بۆ 25ـى شوباتى هەموو ساڵێکدا کۆبوونەوەى درۆزەکانى وڵاتان لە جەلیل کۆدەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا داوای لەدەسەڵاتدرانى نوێی سوریا کردووە رێگریی لە ئێران و نوێنەرەکانى بکات چالاکی ئەنجام نەدەن،

جێگەى ئاماژەیە پێشتر بیدرسۆن لە ئێکس نوسیوویەتى پێویستە دەسەڵاتى نوێی سوریا ترسی تیرۆر لە وڵاتەکەیدا چارەسەر بکات کە بەشێکى زۆری پەیوەندیی بە جەنگاوەرە بیانییەکانی ناو وڵاتەکەیەوە هەیە، چارەسەرى ئەمانە دەبێتە زامنى کەمکردنەوەى سزاکانى سەرى کە لە رۆژانى رابوردوودا بەریتانیا سزاى لەسەر 12 ناوەندی فەرمی ئەو وڵاتە هەڵگرت کە وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگریی ئەو وڵاتەیان تێدایە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP