هەرێم نیوز
کامێرایی خاڵ بۆ خاڵ سبەی لە ڕێگەی زاخۆ بۆ دهۆک دەکەوێتە کار.
محەممەد سولێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند، لە سبەی سێشەممەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگای نێوان زاخۆ-دهۆک دەکەونە کار، کە سنووری خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان 100 کم/ و بۆ بارهەڵگرەکان 80 کم/ دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری شەقامی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە 10 شوێنی جیاواز نزیکەی 20 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراون.
ئاشکراشیکرد، ئامانج لە دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێشتر ئەزموونی دانانی ئەو کامێرانە لە ڕێگای نێوان هەولێر-دهۆک دەریخستووە کە ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەمان ئەنجامیش لەم ڕێگایەدا بەدەستبێت.