دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وردەکاری دانوستانی ئەمریکا و ئێران لە عومان؛ ئەوروپا میوانداری قۆناغی دووەم دەکات

هەرێم نیوز

تۆڕی سی ئێن ئێن، ڕاپۆرتی لەسەر وردەکاری خولی یەکەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە شاری مەسقەت بڵاوکردەوە، کە دوێنێ بەڕێوەچوو. هەروەها باس لەوە دەکات ئەگەری هەیە خولی دووەمی دانوستانەکان لە وڵاتێکی دیکە جگە لە عومان بەڕێوەبچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، دانوستانەکانی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماڵی بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان ناسراو بە "بەیت ئەلحەیل" بەڕێوەچوو.

ئەم کۆشکە کەمتر لە 10 خولەک لە فڕۆکەخانەی مەسقەتەوە دوورە و بە شوێنێکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە هەردوو دیوی چوونە ژوورەوەی نایابی کۆشکەکەدا ژووری پێشوازی هەیە. ژوورەکانی پێشوازی لە لای ڕاستەوە بە شێوەی ڕۆژئاوایی و لەلایەن ویتکۆف و تیمەکەیەوە لە کاتی دانوستانە "ناڕاستەوخۆکان"دا بەکارهێنران. لە لای چەپەوە ژوورێکی پێشوازییە بە شێواز و تەلارسازی ڕۆژهەڵاتی، کە عێراقچی و شاندی ئێرانی تێدا جێگیر بوون.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بە گشتی 13 کەس بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە؛ پێنج ئەمریکی و پێنج ئێرانی و سێ کەسیش لە عومان؛ خانەخوێی عومانی پەیامەکانی لە هەردوو لا بە زمانی ئینگلیزی بۆ هەردوو لایەن دەگواستەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان، هەردوو شاندەکە لە کاتی ڕۆشتنیان، بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە ڕێڕەوی مەڕمەڕدا بە کورتی قسەیان کردووە.

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، بە پشتبەستن بە لێدوانێکی فەرمیی سەرچاوەکانی کۆشکی سپی کە لە دانوستانەکاندا ئامادەبوون، وادیارە ئیدارەی ترەمپ پێشکەوتنی خێرای (دانوستاندنەکان)ی دەوێت و ویتکۆف بەنیازە گڵۆپی سەوز بۆ ڕێککەوتنەکە هەڵبدات بە بڕیارێکی سیاسی، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییە زۆر تەکنیکییەکانەوە کە ڕەنگە دانوستانەکان خاوبکاتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بن، پێدەچێت لە وڵاتێکی ئەوروپیدا بێت.

دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، عێراقچی، بە ئاماژەدان بە خولی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تیمی دانوستانکاری ئەمریکی، وتی: "بە هەوڵ و ماندووبوونی وەزیری دەرەوەی عومان بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان هەبوو، لەنێوان هەردوو شاندەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەمەش نزیکەی 4 جار ئەنجامدرا، یەکەم کۆبوونەوە بنیاتنەر بوو و لە کەشێکی ئارام و بەڕێزەوە ئەنجامدرا. خولی دووەم شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت "هیچ زمانێکی نەگونجاو بەکارنەهێنرا، لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە پێشخستنی ئەم گفتوگۆیانە نیشان دا تاوەکو ڕێککەوتنێک دەکرێت کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت و لەسەر بنەمای یەکسان بێت."

پێشتر ڤۆن هیلیارد، پەیامنێری ئێن بی سی نیوز لە پەیامێکدا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا لە زاری ستیڤ ویتکۆفەوە سەبارەت بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان نوێنەرانی تاران و واشنتۆن لە عومان، نووسیبووی "گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی و بنیاتنەرمان هەبوو". پەیامنێرەکە بە پشت بەستن بە نێردەی تایبەتی ترەمپ وتی، کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ١٩ی نیسان بەردەوام دەبێت، هەروەها کۆشکی سپی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران بە "زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسف کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP