دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: تا ئێستاش دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال هەر ماون

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی لە 37ـەمین ساڵیادی شاڵاوی ئەنفال پەیامێک بڵاودەکاتەوە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کەسوکار و سەرجەم زیانلێکەوتووانی ئەنفال لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.

هاوکات پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە "خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە".

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.

جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.

لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.
 مەسرور بارزانی  
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP