هەرێم نیوز
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەك سەرچاوە لە هەولێر رایانگەیاندووە: شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغداد، گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پشکی بەکاربردنی ناوخۆ، بەڵام پرسی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تا ئێستا چارەسەرنەکراوە.
بەرپرسێکی یەکێک لەو کۆمپانیایانە وتویەتی: بڕیارە لە ئەم هەفتەیەدا کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یان سێ قۆڵی بە بەشداری نوێنەری حکومەت لەسەر ئەم بابەتە، ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، کۆبونەوەی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی كە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاندووە، هەردوولا گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوت و رادەستكردنی لەسەدا (٥٠)ی داهاتەکان، بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکەش بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری لەسەر هەمان بابەت ئەنجام بدرێت.
رۆژنامەكەیئاماژەی بەوەشكردووە، فەرەنسا چووەتە ناو هێڵی نێوەندگیری نێوان بەغداد و هەولێر، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق تاوتوێی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیان کردووە.
هێشتا روون نییە، ئاخۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و هەولێر لە ئەنجامی نێوەندگیری فەرەنسا بووە یان نا، ئەوە لەكاتێكدایە، بەغداد بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردستان دەکات، لە ئەگەری دەستوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان تێیدا.