هەرێم نیوز
حەشدى شەعبی ئەو گروپە چەکدارە وەلائییەن کە لە ئەنجامی فەتوایەکی عەلی سیستانى گەورە کەرجەعى شیعەکان دروستبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، بەڵام مەترسییەکانى داعش کەمبوونەوە و هێشتا ئەوان بەردەوامن، لەسەرەتاى دروستبوونى حەشدەوە هەندێک لە شرۆڤەکاران باسیان لەوە دەکرد هەمان سیناریۆی دروستبوونى سوپاى پاسدارانى ئێرانە و لە عێراق دووبارە دەکرێتەوە، تەنانەت لۆگۆی حەشد و سوپاى پاسداران زۆر لە یەکەوە نزیکن، میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستاش ژمارەی تەواوەتى حەشد نازانن، بەڵام ئەوەندە دەزانن بەمۆڵ و پێکەوە مووچەیەکى زەبەلاحیان پێدەدرێت و خۆیان دابەشیدەکەن ، هەر بۆیە لە ژمارە (17015)ـى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لە رۆژی 29ـى حوزیرانى ئەمساڵدا هاتووە هەزاران چەکداری حەشد ناویان هەیە و بونیان نییە.
مەیسەم زوبەیدی فەرماندەى "فیرقەى عەباس"ـى سەر بە حەشدى شوێنە پیرۆزەکانی نەجەف لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستى پێدەکرێت و بڵاوکراوەتەوە گوتوویەتى مووچەى مانگی حوزەیرانى حەشدى شەعبی هەفتەیەکە لەوادەى خۆی تێپەڕیکردووە و دابەش نەکراوە و پێدەچێت دواتریش بکەوێت لەبەر ئەوەى وەزارەتى گەنجینەکانى ئەمریکا سەرکردایەتى حەشد و بانکی رافیدەینى ئاگادارکردووەتەوە کە مووچەى حەشد رابگیرێت تا ئەو کاتەى ژمارەى تەواوەتى و ئینتیماى خۆیان یەکلایی دەکەنەوە، دەبێت بزانرێت ئەوان لە عێراقەوە فەرمان وەردەگرن یان لە ئێرانەوە .
لە لایەکی دیکەشەوە سەجاد سالم پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رایگەیاندووە مووچەى حەشد زیاترە لە دوو ملیار دۆلار و لەبەر ئەوەى هیچ چاودێرییەکی دارایی نایانگرێتەوە ژمارەیەکی زۆریان تەنها ناویان هەیە و بوونیان نییە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە چەندین جار ئەمریکییەکان عێراق و حەشدى لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە لەنێو سوپاى فەرمی عێراقدا بتوێنەوە بەڵام ئەوان دەستى دەستییان پێدەکەن، هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە گوێرایەڵی عێراق دەکەن یان ئێران.