هەرێم نیوز
ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل کە ئاگاداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، بڵاویکردووەتەوە کە یەدەگی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران لە تونێلەکانی ژێر زەوی لە فۆردۆ و ئیسفەهاندا ماون، کە بەهۆی بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە، دەستڕاگەشتن بەو یۆرانیۆمانە ئەستەمە.
ئەو سێ بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل ئاگاداری هەر هەوڵێکی ئێران دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو شوێنانە.
لەلایەکی دیکەوە، نیویۆرک تایمز دەڵێت، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دوای هێرشی ئەمریکا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ناڕوونە و ئەو زانیاریانەی تا ئێستا سەبارەت بە یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران کۆکراونەتەوە، دژ بەیەکن.
ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانی ئەوروپییەوە بڵاویکردووەتەوە، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران یەدەگی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خۆی گواستووەتەوە، بەڵام ئەم دەرەنجامانە سەرەتایین و شوێنی وردی یۆرانیۆم نادیارە.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ڕۆژئاواوە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری پێبچێت تا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی بکەونەوەکار.
بەرپرسان دەڵێن، پێدەچێت سەنتەرفیوژەکانی شوێنی فۆردۆ کارنەکەن، ئەمەش وا دەکات زیاتر پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران قورستر بێت.
ئێران تا ئێستا کەمێک زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە دامەزراوەی فۆردۆ بەرهەم هێناوە، کە نزیکە لەو ئاستە پیتاندنەی کە دەتوانرێت لە بۆمبدا بەکاربهێنرێت.
هاوکات ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 13 ڕایگەیاند کە هەموو یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەم دواییەی دژی ئێران لەناو نەچوون.
کاتز لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو 408 کیلۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە ئێران پێش شەڕ لەبەردەستی بوو، وتی: هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە ڕوون بوو کە ئێمە هەموو ئەو مادەیە لەناو نابەین، هەڵوێستی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە کە داوا لە ئێران بکرێت ئەم مادەیە ڕادەست بکات.
ئێران سەرەڕای ئەوەی پێداگری دەکات کە بەرنامەکەی ئاشتیانە یان سروشتێکی مەدەنییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان خاوەنی نزیکەی 8 هەزار و 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە.
زۆربەی ئەم یۆرانیۆمە تا ئاستێکی نزم پیتێندراوە کە گونجاوە بۆ وێستگەکانی کارەبا. ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەپێدراوە.
بەڵام ئێران 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویشی هەیە - تا ئاستی 60% - بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
باس لەوەش دەکرێت، پێدەچێت زۆربەی ئەم یۆرانیۆمە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆجیای ئەتۆمی ئیسفەهان هەڵگیرابێت کە دەکەوێتە دووری 450 کیلۆمەتر لە باشووری تاران.