دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دوای شەڕی ئێران؛ ڕێگە بۆ سەرخستنی پەیمانی ئیبراهیم خۆشکراوە و ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە ڕێککدەکەون

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرکەوتنی هەڵمەتی سەربازیی ئەو وڵاتە لەدژی ئێران، ڕێگای بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی دیکە خۆشکردووە.

نەتانیاهۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: ئازایانە لەگەڵ ئێران شەڕمان کرد و سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێنا. ئەم سەرکەوتنە دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بکەین. ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنە ڕووبدات.

وتیشی: هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکانمان و شکستی حەماس، ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە ئاراوە کە نابێت لەدەست بدرێت، نابێت یەک ڕۆژ بەفیڕۆ بدرێت.

ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە ئەیلولی 2020 پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین لە چوارچێوەی "رێککەوتنەکانی ئەبراهام" دامەزراند، دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ لەگەڵ مەغریب و لە کانوونی یەکەمی 2022 لەگەڵ سودان ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی واژۆ کرد.

تاران هەمیشە نەیارێکی سەرسەختی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بووە.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی بە "گرەوکردن لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو" چواند و بە قومارێکی "مەحکوم بە دۆڕان" ناوی برد.

ترەمپ و نەتانیاهۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دوابەدوای ئۆپراسیۆنی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە ماوەی دوو هەفتەدا و فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیلیش بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کردووە.

لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، سەرکردەکانی حەماس دووردەخرێنەوە، ئیدارەی کەرتی غەززە بە هاوبەشی ڕادەستی چوار وڵاتی عەرەبی دەکرێتەوە، لەوانە ئیمارات و میسر، دوای نەهێشتنی حەماس و سەرجەم ئەو بارمتانەی کە لە لایەن ئەو گرووپە دەستبەسەر بوون ئازاد دەکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی عەرەبی چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە دوای شەڕەکە پەیوەستە بە بوونی دەسەڵاتی فەلەستین لە کەناراوەکەدا و ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی بەدیهێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیاز و دیمەشق و ڕازیبوون بە چارەسەری دوو دەوڵەتی

ئیسرائیل هیوم لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناتانیاهۆ و ترامپ، سعودیە و سوریا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دادەمەزرێنن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامیش وردە وردە بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل پشتیوانی مەرجداری خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕادەگەیەنێت؛ ڕێککەوتنێک کە پەیوەستە بە چاکسازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین.

باسی ئەوەش کراوە کە گوایە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئەمریکا دان بە سەروەری ئیسرائیلدا بنێت بەسەر بەشێک لە کەرتی ڕۆژئاوادا.

ئیسرائیل هیوم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دانیشتووانەی غەززە کە ڕازی دەبن بەوەی لە ناوچەکە کۆچ بکەن، لەلایەن چەند وڵاتێکەوە قبوڵ دەکرێن. لە ڕاپۆرتەکەدا ناوی ئەو وڵاتانە نەخراوەتەڕوو.

تا ئێستا هیچ وڵاتێکی عەرەبی وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ئیسرائیل هیوم-یان نەداوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP