دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

وردەکاری پێشنیاری ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران

هەرێم نیوز

کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە واشنتۆن پلانێکی بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران خستۆتە ڕوو، کە بریتییە لە سووککردنی سزاکان، ئازادکردنی ملیاران دۆلار و بنیاتنانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی.

ژاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی ئێران و ئیسرائیل، سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لە هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستانی ئەتۆمی؛ هەوڵەکان کە بریتین لە پێشکەشکردنی یارمەتیدانی تاران بۆ دەستگەیشتن بە 30 ملیار دۆلار لە سەرمایە، ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراو و دەستپێکردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار، بەرپرسانی سەرەکی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی واشنتۆن، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی نێوەندگیری ناوچەیی وتووێژی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیان ئەنجامداوە، تەنانەت لە کاتێکدا هێرشی سەربازی بەربڵاو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێراندا ئەنجامدراوە. لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە گفتوگۆکان بەردەوامن.

مەرجی سەرەکی: وەستانی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن، سەرجەم پێشنیارەکان هێشتا سەرەتایین و لە پەرەسەندندان. بەڵام یەک مەرجی نەگۆڕ لە هەموو پلانەکاندا دووبارە بووەتەوە، ئەویش وەستاندنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە. سەرەڕای دژایەتی بەردەوامی تاران بۆ وەها مەرجێک، لانیکەم یەک ڕەشنووسی پێشوەختەی پێشنیارەکە کە سی ئێن ئێن دەستی کەوتووە، هاندانێکی بەرچاو بۆ حکومەتی ئێران لەخۆدەگرێت.

لە نێو ئەو هاندانانەی کە لە پلانەکەدا پێشنیار کراون، دەستڕاگەیشتن بە 6 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراو لە هەژمارە بانکییە بیانییەکان، کەمکردنەوەی سزاکان بە ئامانج و وەبەرهێنانی 20 بۆ 30 ملیار دۆلار لە بەرنامەیەکی نوێی ئەتۆمی مەدەنیدا. بڕیارە ئەم وەبەرهێنانە بۆ دروستکردنی جێگرەوەیەک بۆ فۆردو بەکاربهێنرێت، کە شوێنێکە لە کاتی هێرشەکەی ئەمریکادا بەهۆی بۆمبی ئەمریکاوە لێیدرا. ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو پارەیە لە هاوپەیمانە عەرەبییەکانی واشنتۆنەوە دێت نەک لە حکومەتی ئەمریکاوە.

دوو سەرچاوە پشتڕاستیان کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف هەفتەی ڕابردوو دیدارێکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە کۆشکی سپی ئەنجامدا، ئەمەش تەنها ڕۆژێک پێش ئەوەی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران دەستپێبکات.

بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، پلانەکە مۆدێلێکی هاوشێوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئیمارات پەیڕەو دەکات و ئامانجی دروستکردنی ژێرخانی ناپیتێنراو بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی مەدەنییە لە ئێران. ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران دەتوانێت یۆرانیۆمی پیتێنراو هاوردە بکات، بەڵام ڕێگەی پێنادرێت لە ناوخۆدا پیتاندن بکات.

لە کاتێکدا بەرپرسانی کۆشکی سپی پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ئەم دەستپێشخەرییانە بەشێکن لە هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: "گرنگ نییە ڕێککەوتنێک واژۆ بکرێت یان نا". هەروەها وتی: "ڕەنگە تەنها بەیاننامەیەکی سادە بەس بێت کە بڵاویبکەنەوە و بڵێن بەرنامەی ئەتۆمیمان ڕادەگرین".

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەی ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی، تەنیا لەو کاتەدا دەکرێت کە ئێران ئامادەبێت ڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات، نەک لە ڕێگەی نێوەندگرەکانەوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگرەکانی وەک قەتەرەوە بەردەوامن. قەتەر پێشتر ڕۆڵی سەرەکی لە ناوبژیوانی ئاگربەستی هەستیاری نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەبووە. ئێستا وڵاتەکە هەوڵدەدات پێش بە سەرهەڵدانەوەی دوژمنایەتییەکان بگرێت.

ستیڤ ویتکۆف هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕۆژی چوارشەممە وتی: چەندین ئاماژە هەن کە دەتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان قسە دەکەین و لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکە پەیوەندیمان پێوە دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP