هەرێم نیوز
سوپاسالاری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر وڵاتەکەی، ئەوا ئەمجارە "ئەمریکاش ناتوانێت نەتەنیاهۆ" رزگار بکات.
عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی حوسێن سەلامی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تاران باسی لە جەنگی 12 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، کە 13 تاوەکو 25ی 6 بەردەوام بوو، تێیدا هێرش کرایە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی ئێران و تاران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. جەنگەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا وەستێندرا.
رایگەیاند: پلانێکی وامان ئامادە کردبوو کە دووژمن بێچارە بکات، بەڵام بە راگرتنی جەنگەکە، دەرفەتی جێبەجێکردنی نەڕەخسا. ئەگەر دووبارە هەڵەیەک بکرێت، ئەو پلانە جێبەجێ دەکرێت. رەنگە ئیدی ئەمریکاش نەتوانێت نەتەنیاهوو رزگار بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بابەتی ئەتۆمی پاساوێک بوو بۆ دەستدرێژییەکان و وایان پلانداڕشتبوو لە ماوەی 48 کاتژمێر تا هەفتەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو ببەن، بەڵام گەلی ئێران سەرکەوتوو بوو، بە گوێرەی پلان لە هەنگاوی یەکەمدا بەرپەچدانەوە و ڕێگریمان کرد، لە هەنگاوی دووەمدا ئۆپەراسیۆنی تەنبێکردن جێبەجێ کرا و، پێچەوانەی پێشبینییەکانی دوژمن، هاووڵاتییانی ئێران کێشەکانیان بەلاوەنا و یەکگرتووانە هاتنە مەیدان.
بە گوتەی مووسەوی، یەکگرتوویی خەڵکی ئێران، ئەمەریکای ناچارکرد فریای ناتانیاهۆ بکەوێت، هەر بۆیە داوای ئاگربەستیان کرد تەنیا بۆ ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ ڕزگار بکەن، بەڵام لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە سەر ئێران، ئەمجارە ئەمەریکاش ناتوانێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕزگار بکات.
سوپاسالاری ئێران ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڕێبەری باڵای ئینقلاب، پلانی چارەڕەشکردنی ئیسرائیل ئامادە کرا بوو، بەڵام دەرفەت نەبوو جێبەجێ بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە، لانیکەم 935 کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان ئەفسەری سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی.
هەروەها هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی 29 کەس.
ئەمریکا لە 22ی حوزەیران چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.