دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش تاوتوێ بکات، هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی7ی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات.

لە بڕگەی یەكەمدا دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژانی 29ی 6ی 2025 تاكوو 1ی 7ی 2025 لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی حكوومەتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەكانی هەردوو مانگی ئايار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.

لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەكان تاوتوێ دەكات.

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دارایی کوردستان، سەبارەت بە پرسی مووچە و نەوت گفتوگۆی وردیان كرد، پاشانیش شاندێكی هەرێمی كوردستان چوونە بەغدا و چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەنجام دا، شەوی دووشەمەش كۆبوونەوەكانیان كۆتایی هات و گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP