دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل کاتز: پلانمان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێران

هەرێم نیوز

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی ئەرکی داڕشتنی پلانێکی تۆکمەی پێسپێردراوە بۆ ئەوەی "ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی ئێران بۆ ئاستێک کە بتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات".

کاتز لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئیسرائیل وتی: سوپای وڵاتەکەمان دەستکەوتی بەرچاوی لە تێکدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و سیستەمی بەرهەمهێنانی مووشەکی بەدەستهێناوە، کە گەورەترین مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات.

وتیشی: لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا، هێزی ئاسمانی "زیانی گەورەی لە فەرماندەکانی ئێران و ژێرخانی چەک و زۆر ئامانجی دیکەی ناو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران داوە".

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەربازی ئێستا بریتییە لە داڕشتنی "پلانێکی گشتگیر" بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران توانای هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل نەماوە.

ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێراندا نزیکەی 30 فەرماندەی سوپای پاسداران و زیاتر لە 10 زانای ئەتۆمی کوشتووە. 

بەپێی ئاماری فەرمی ئێرانیش 935 کەس بەگشتی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و زۆربەیان ڕێگرییان لێکرا، بەڵام ئەو مووشەکانەی کە کەوتنە خوارەوە زیانی هەبووە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، 28 کەس کوژراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP