دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

چین پێشوازی لە دانپێدانانی ڕووسیا بە حکومەتی تاڵیبان دەکات

هەرێم نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین ڕایگەیاند، چین هەمیشە پێیوابووە کە نابێت ئەفغانستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داببڕدرێت و پاڵپشتی زیادکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکومەتی کاتی ئەفغانستان دەکات.

ماو نینگ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چین داوا لە حکوومەتی تاڵیبان دەکات "چالاکانە وەڵامی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بداتەوە، بەشداری بکات لە بنیاتنانەوەی و گەشەپێدانی ئەفغانستان، هاوکات پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر و بەشداری ئەرێنی لە بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا چین بیر لە دانپێدانانی حکومەتی تاڵیبانیش دەکاتەوە، وتی؛ "بەبێ گوێدانە گۆڕانکارییەکانی دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان، هیچ کاتێک پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان چین و ئەفغانستان نەبووە. لەدوای پێکهێنانی حکومەتی کاتی لە ئەفغانستان، لایەنەکان ڕۆڵێکی ئەرێنییان بینیوە لە دڵنیابوون لەوەی کە چالاکییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە هەردوو وڵات بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بن و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان فراوانتر بن. چین پابەند دەبێت بە سیاسەتی دۆستایەتی بەرامبەر هەموو ئەفغانستانییەکان."

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021، چین یەکەم وڵات بوو کە دوای دوو ساڵ لە مانگی ئەیلولی 2023 باڵیۆزی بۆ ئەفغانستان نارد و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی تاڵیبانیش لە میانی مەراسیمێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا بڕوانامەی خۆی وەرگرت.

هەروەها حکومەتی تاڵیبان باڵیۆزێکی لە چین دیاریکردووە. 

تەنانەت پێش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، هەردوولا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبوو.

لە ئێستادا چین وەبەرهێنانی بەرفراوانی لە کەرتی کانگاکان لە ئەفغانستان هەیە و بوونی گەشتیارانی چینی لە ئەفغانستان زۆرە.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە هەنگاوە نوێیەکەی مۆسکۆ بۆ زیاتر پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان و ئەگەری ئامادەبوونی بەرچاوتر لە پێکهاتەی ئابووری ئەفغانستاندا دەتوانێت ببێتە ئاڵنگارییەک بۆ بەرژەوەندییەکانی پەکین لەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP