هەرێم نیوز
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ڕایگەیاند، زانیاریی ناو فۆڕمی پڕکراوەی ڤیزەکە ناڕاست یا ساختە بێت، ئەوا باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانە مافی ئەوەی هەیە کە چاوپێکەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، دەشڵێت، "خۆت بەرپرسیاری ڕاست و دروستی زانیارییەكان. لە كەسانی دیكە و پارەی زیادە خۆت بەدوربگرە".
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاگاداری ئەو کەسانە دەكەینەوە كە داواکاری بۆ ڤیزە پێشکەش دەکەن، ئەگەر ئاسانکار بەکاربهێنیت بۆ وەرگرتنی چاوپێکەوتن و زانیاریی ناو فۆڕمی پڕکراوەی ڤیزەکە ناڕاست بێت یا ساختە بێت (بۆ نمونە ژمارە تەلەفۆنەکەت یاخود ئیمێڵەکەت)، ئەوا باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانە مافی ئەوەی هەیە کە چاوپێکەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، خۆت بەدوربگرە لەوەی لایەنی سێهەم (کەسانی دیكە) دەست تێوەردان بکەن لە داواکاریەکەت بۆ وەرگرتنی ڤیزە و هەروەها خۆتیش بەدوربگرە لەوەی پارەی زیاتر بدەیت بەو هۆیەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، خودی ئەو كەسەی كە داواكاری پێشكەش دەكات بەرپرسیارە لە دڵنیاییدان لەوەی گشت زانیاریەکانت ڕاست و دروستن(ڕاستگۆیانە نوسراون).