دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی بۆ چەند پرسێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکات، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکات.

سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە.

سەردانەکە لەکاتێکدایە کە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەک وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کراوە، هاوکات بڕیارە ئەم هەفتەیە گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغداد و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشهاتی نوێ لە ناوچەکە لە رێیە بەتایبەتی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی بەنارمەی ئەتۆمی ئێران، کە ئەمڕۆ شەممە لە شانشینی عوممان لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەدەچێت.

لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمە سەردانی چوارەمی محەمەد شیاع سودانییە بۆ هەولێر،کۆتا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 13ی11ی2024، بوو. ئەو کات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP