هەرێم نیوز
ژەنەراڵ دەیڤید پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئێران ئینتەرناشناڵ"، بۆ یەکەمجار وردەکارییەکانی پلانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا دەکات. بە وتەی ئەو، ئەم پلانە ساڵانێک لەمەوبەر داڕێژراوە و تەنانەت جارێک لەسەر خاکی ئەمریکا بە تەواوی پراکتیزە کراوە و پێداچوونەوەی بۆ کراوە.
پێترایۆس کە لە ساڵی 2008 تا 2011 فەرماندەی سێنتکۆم بوو، وتی: پلانەکە تەنیا بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لەناوبردنی سیستەمی بەرگری و مووشەکی ئێرانیشی لەخۆ گرتووە.
ناوبراو بە کەسایەتییەکی دیاری سوپای ئەمەریکا دادەنرێت، پێشتر لە ساڵانی 2001 و 2002 وەک فەرماندەی باڵای ناتۆ لە بەڵکان و دواتریش وەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی 2007، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011دا پۆستی فەرماندەی سێنتکۆم کۆتایی هات، پێترایۆس وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) دەستنیشانکرا. بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی سەربازی و هەواڵگریی پێترایۆس، بە باشی ئاشنای ئێران و سوپای پاسداران و هێزە بە وەکالەتەکانی ئێرانە.
لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە عێراق و ناوچەکە، چەندین جار لەگەڵ سوپای قودسی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەوکاتەی سوپای پاسداران تێکهەڵچوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دووانە لە ساڵی 2007 تا 2011 تەوەرێکی جێسەرنجی میدیای جیهانی بوو.
پێترایۆس لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران پلانێکی هەمەلایەنە و فرە چینە کە نەک تەنیا دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەڵکو سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی حکومەتی ئێران و تواناکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکاتە ئامانج.
ئەو فەرماندەیە دەڵێت، پلانەکە 15 ساڵ لەمەوبەر داڕێژراوە و لەو کاتەوە بەردەوام نوێدەکرێتەوە. لە ماوەی فەرماندەیی سێنتکۆم ئەم ئۆپەراسیۆنە جارێک لەسەر خاکی ئەمریکا بە تەواوی و بە شێوەیەکی ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا بۆ ئەوەی فڕۆکەوانەکان بتوانن هەموو هەنگاوەکان ئەنجام بدەن و هەر کێشەیەک هەبێت دەستنیشان بکەن و چارەسەری بکەن.
بە وتەی پێترایۆس، سوپای ئەمریکا جارێک لە ڕابردوودا لە ئامادەباشی تەواودا بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە؛ بەجۆرێک کە فڕۆکە جەنگییەکان و بنکەی ئاسمانی و بۆمب و فڕۆکەی سووتەمەنی و تەنانەت پێداویستی خۆراکیش ئامادەکرابوون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام لە دوایین ساتدا، بڕیاری ئەنجامنەدانی هێرشەکە درا.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانەکانی پێترایۆس، جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستی لەناوبردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ئێران پێش دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە بەو پێیەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ئەمریکییەکان سەرنشینیان تێدایە، دەبێت دڵنیا بکرێتەوە کە ئەگەری کردنە ئامانجی ئەو فڕۆکەوانە بەر لە چوونە ناو ئاسمانی ئێران کەمترین بێت.
ئەمریکا نایەوێت لە کاتی هێرشەکەدا فڕۆکەکانی بخرێنە خوارەوە یان فڕۆکەوانەکانیان بگیرێن یان بکوژرێن، چونکە ئەمە دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەشڵێت ئەمریکا بە تەواوی ئاگادارە کە ئێران لە ئەگەری هێرشدا ڕەنگە تۆڵەی خۆی بکاتەوە و هەر بۆیە ئەمریکا ئامادەیە گورزی توندتر و کاریگەرتر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا لەم دواییانەدا سیستەمی بەرگری پاتریۆتی لە کۆریای باشوورەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچەی کەنداو. ئەم کردەوەیە تەنیا بۆ ڕێگریکردن نییە، بەڵکو نیشانەی ئامادەیی تەواوی سەربازی ئەمریکایە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
گواستنەوەی یەک لەسەر سێی سەرجەم فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی بی-٢ بۆ ناوچەکە، هەروەها گواستنەوەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری کارل ڤینسۆن لە زەریای هێمن بۆ ناوچەی سێنتکۆم، هەموو ئەمانە نیشانەی ئامادەکارییە سەربازییەکانن بۆ هێرشکردن.
پێترایۆس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بە تەنیا توانای ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیەی نییە، بەو پێیەی خاوەنی بۆمبی GBU-57 نییە کە (کێشی هەریەکەیان نزیکەی 14 تەنە) و نە ئەو فڕۆکەیەی کە توانای هەڵگرتنی هەبێت.
بۆیە ئەمریکا تاکە وڵاتە کە دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بە تەواوی و کاریگەر ئەنجام بدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێشنیاری کرد کە دەکرێت هێرشەکە بە تەواوی لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام بدرێت و پێویست بە بەشداری ئیسرائیل ناکات، چونکە بەشداریکردنی ئیسرائیل لەوانەیە تووشی ئاستەنگی لۆجستی و سیاسی ببێت.
ئەمریکا بە جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگر و بۆمبهاوێژ لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا و کروزەری مووشەکی ڕێنماییکراو، توانای ئەوەی هەیە لە دەریا و ئاسمانەوە هێرشەکانی سەربەخۆ ئەنجام بدات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بنکەکانی لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بەکاربهێنێت.
بە پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە، هەرچەندە ترەمپ حەزی لە دەستپێکردنی شەڕ نەبوو، بەڵام هەم ئیرادە و هەم توانای ئەوەی هەیە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات ئەگەر پێویست بکات.