دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئێران راوێژکار و ئەفسەرە سەرەبازییەکانى لە یەمەن دەکشێنێتەوە

هەرێم نیوز

یەکێک لەو نیگەرانییانەى کە لەناوخۆی ئێراندا هەیە لەبارەى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوونى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ پارت و گروپ و باڵی جۆراوجۆر کە دەیانژیەنێت و لە هەمان کاتیشدا شەڕی خۆیان پێدەکات، دەنگە ناڕازییەکانیش لەناوخۆدا ئاماژە بەوە دەکەن ئەوەى بۆ حزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستین و بەشار ئەسەدى سوریا و میلشیاکانى عێراق و حوسییەکانى یەمەن خەرجی دەکات چارەکێکى ئەوە لە چارەسەری ئابوورى وڵاتەکەیدا خەرجی بکردایە رۆژیان بەم رۆژە نەدەگەشت، لە هەمان کاتدا ئێران ئەو گروپ و دەستەو تاقمانەى لەدەرەوە وەک شا دەمارى بوون و مانەوەى خۆی دەبینێت و لە ئێستادا یەک بەیەک بەرەو قرتان و لەناوچوون دەچن.

ئەنساروڵاى حوسیى یەمەن یەکێکن لەو گروپە چەکدارە بەهێزانەى کە ماوەیەکى زۆرە کێشەیان بۆ عەرەبستانى سعودییە و ئەمریکا و تەنانەت بەرژەوەندییەکانى ئەمریکاش لە ناوچەکەدا دروستکردووە، لە دواى هەڵگیرسانى جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسیش بوونەتە رێگر لە پەڕینەوەى هەموو کەشتییەک لە دەریاى سوور.

ئەمەش وایکردووە فشارێکى زۆر کەوتووەتە سەر گەورەترین رێڕوەوی بازرگانى و بەتایبەتى گواستنەوەى نەوت، ئەوە جگە لەوە رێگەیەکى کورت درێژوبووتەوە بۆ هەر هاتووچۆیەکی دەریایی، لەبەر ئەوەى رێگە نادەن هاتوچۆی پێدابکرێت.

دواى لێدانى حزبوڵاو و حەماس و پاشان هەڵاتنى بەشار ئەسەد و فزە لەخۆبڕینى میلشیا عێراقییەکان بە هاتنەوە سەر کاری دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان چڕبووەتەوە و تا ئێستا سەدان پێگەى سەربازیی ئەو گروپە کراونەتە ئامانج و تا دێت هێرشەکان چرتر دەبنەوە، بەگوێرەى سەرچاوە ئەمریکیەکان لە دوو هەفتەى رابوردوودا بە بەهاى دوو ملیار دۆلار بۆمب و تەقەمەنییان بەسەر حوسییەکاندا بەرداوەتەوە، ئەوەش وایکردووە بەخێرایی ئێران هەڵوێست وەربگرێت.

لەو میانەیەیدا بەرپرسێکى باڵاى کۆماری ئیسلامی ئێران – لەبەر هەستیاریی دۆسیەکە ناو و بەرپرسیارێتى خۆی ئاشکرا نەکردووە- بە رۆژنامەى تەلەگرافى بەریتانی راگەیاندووە تاران راوێژکار و ئەفسەرە پلە باڵاکانى -سیاسی و سەربازیی- خۆی لە سەنعاى پایتەختى یەمەن کشاندوەتەوە و داوای لێکردوون بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەرپرسەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ئەم هەنگاوەى ئێران بۆ ئەوەیە کە نایەوێت جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات و ئەگەر سەربازێکى لەو وڵاتەدا بکوژرێت ئەوا ناچار دەبێت هەڵوێست وەربگرێت و جەنگی راستەوخۆ لەئەگەر ئەمریکادا هەلبگیرسێنێت، ئەوە لە کاتێکدا عەباس عێراقچى پێشتر لەپەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بە کاسبار فیڵدکامپى وەزیری دەرەوەى هۆڵەنداى رایگەیاندبوو ئێران ئامادەى ئەنجامدانى گفتوگۆی راستەقینەیە لەگەڵ ئەمریکا، رۆژنامەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر یەمەن و لێدان لە حوسییەکان شەش مانگ درێژە دەکێشێت.

کشاندنەوەى راوێژکارە ئێرانییەکان لەیەمەن واتاى گەیشتنى پەیامەکەى ترەمپە بە عەلى خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامى ئێران و لە لایەکی تریشەوە بڕینى یەکێکى تر لە شاباڵەکانى ئەو وڵاتەیە لە دەرەوەى خۆی، شرۆڤەکارانیش باوەڕیان وایە ئەمریکا مەبەستى روخاندنى ئێران نییە لەم قۆناغەدا ئەوەندەى مەبەستیەتى بیخاتەوە قاڵبەکەى خۆی ، بە واتایەکى تر پێویستى بە ئێرانێکى پەل و پۆکراوى دەستەمۆ هەیە کە بیهێڵیتەوە بۆ گیانى وڵاتانى کەنداو – بەتایبەتى سعودییە- تا لەو رێگەیەوە مامەڵە و سەودایان لەگەڵ بکات و وەک دەگوترێت زیاتریان بدۆشێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP