دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نهێنی سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی؛ ڕێی دیپلۆماسی و کرانەوەی کوردستان بەجیهاندا

هەرێم نیوز

 لە کاتێکدا جیهان نەزمێکی نوێ وەردەگرێت، و پێدەچێت ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کۆتایی بڕوات و نەخشەیەکی نوێ بۆ داڕێژرێت، کورد لەم دۆخەدا پێویستی بە کرانەوەیە بەڕووی جیهاندا و دوور لە گرژی و ئاڵۆزییەکان بێت و سوود لەم دۆخە تازە ببینێت، نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرکردەیە کە توانیویەتی بە سیاسەت و دیپلۆماسی خۆی، سەنگ و قورسایی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و هەرێم بکات بە پێگەیەکی بەبایەخ و گرنگ و قسەی خۆی لە ناوەندە جیهانییەکاندا هەبێت.

 ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە پاریس و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێشوازیی لێکرا. ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژانی پێشووتریش لە ئەنتاڵیا-تورکیا بووە و چەندین دیداری گرنگی هەبوو، وەک لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، هەرێمی کورستان بە هەوڵی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی ڕۆڵی گرنگی سیاسیی هەبێت لە ناوچەکەدا.

 وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی بووەتە جێگەی متمانەی سەرۆکەکانی ناوچەکە و جیهان، کە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان دەکەن. بۆیە دیدارەکە گرنگە و فەرەنساش بایەخ بە بۆچوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات.

 لە دیداری لەگەڵ ماکرۆن، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هەروەها پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست تاوتوێ دەکەن.

 ماکرۆن لەبارەی هاتنی نێچیرڤان بارزانییەوە دەڵێت، وەکو هەمیشە پرسە گرنگەکانی عێراق و ناوچەکە باس دەکەین، خۆشحاڵم کە هاوڕێکەم [نێچیرڤان بارزانی] دەبینمەوە".

 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گرنگی هەبووە لە گفتوگۆکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی.

 لە ئێستادا کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەلێکی گرنگ بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی مەزڵووم عەبدی و هەسەدە، لەگەڵ حکومەتی ئێستای سووریا. تەنانەت لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەم بابەتە باسکرا. سەرۆکی سووریا سوپاسی ئەرک و هیمەتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ئەو دەستوەردانە ئەرێنییەی کردوویەتی لە بوارەکەدا.

 وڵاتانی جیهان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، گرنگییەکی تایبەت بە پرس و بۆچوونەکانی نێچیرڤان بارزانی دەدەن، بەوپێیەی لێهاتووە لە دیپلۆماسیدا و پەیوەندی ئەرێنی و بایەخداری لەگەڵ سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان هەیە، لەگەڵ لایەنی تورکیا و سوریا و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و پردێکی گرنگە بۆ گەیاندنی ئاڕاستە جیاوازەکانی وڵاتاندا.

 لە ئەنتالیا و لە میانی دیدارەکەشیاندا، پەیامی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئەحمەد شەرع، کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت وەکو نەتەوە و وەکو هێزێکی سیاسی ڕۆڵی هەبێت لە سووریادا.

 لە باکووری کوردستانیش بەهەمان شێوە کە پەکەکە و حکومەتی تورکیا بەنیازن بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتی، نێچیرڤان بارزانی نێوەندگیرییەکی گرنگی ئەم پێشهاتە نوێیەیە. کاتێک سەرۆکی هەرێم لە ئەنتالیا دیداری لەگەڵ ئەردۆغان هەبوو، سەرۆککۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە نزیککردنەوەی کوردی تورکیا، دەم پارتی و پەکەکەش.

 وەک عادل باخەوان شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، ماکرۆن دەیەوێت بەرەیەکی ئاشتی لەبەرامبەر بەرەی جەنگدا دروستبکات. بەرەی ئاشتی داوای ڕاگرتنی جەنگ لە ئێستا و ئێرەدا دەکات و داوای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی پشووی نێوان حەماس و ئسرائیل دەکات. ئەم بەرە نوێیە پێیوایە کە تاکە چارەسەری هەمیشەیی بریتیە لە پرسی دوو دەوڵەت و ماکرۆن لە مانگی شەشدا بەفەرمی دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیدا دەنێت.

 هەوڵی گرنگ لە ئارادایە کە کورد ببێت بە ئەکتەرێی گرنگ لەم بەرەی ئاشتیە نوێیەدا. زۆر گرنگە کە کورد لەم بەرەیەدا بێت، بەبێ ئەوەی کۆشکی سپی لەخۆی توڕەبکات. ئیشی ئەکتەری سیاسی گەورە، ئەوەیە کە بەنێو کێڵگەی ئەڵغامدا بڕوات، بەبێ ئەوەی ئەڵغامێک پیایدا بتەقێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP