دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: هێزی ئاشتی لە هەموو هێزەکان گەورەترە

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە "دیداری سلێمانی" جەختی لە گرنگیی ئاشتی، دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە. هاوکات داوای لە پارتی و یەکێتی کرد هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا کە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکێشی کرد، ئاماژەی بە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهان و ناوچەکە و ئاڵنگارییە هاوبەشەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان باوەڕی بە گرنگیی هاریکاری و کاری هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە."

ئاماژەی بەوە کرد کە سلێمانی هەمیشە چرای روناکی کلتورو فرەیی سیاسی‌و قەڵایەکی بەرزی نیشتیمانپەروەری بووە، ئەو وتی "کورد یەکێکە لەنەتەوە گەورەکانی ناوچەکەو کاتی ئەوەیە ئاوڕێکی جدی لەپرسی کورد بدرێتەوە، کە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ناوچەکە ئارامی‌و سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، وتیشی "هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کورد پشتیوانی لەپرۆسەی ئاشتی کورد لەتورکیاو سوریا دەکات، ئەو وتی "پێسکەوتنی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق".

ئەوەشت خستەڕوو، "گۆرانی کەشوهەوا هەڕەشە لەچارەنوسی مرۆڤایەتی دەکات، هەر ئێستا لەبەر نەمانی ئاو بەهەزاران کەس ناچاربوون شوێنی نیشتەجێ بوونیان بەجێبهێڵن".

هەروەها وتی "پێویستە لەم دۆخەدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوەو پێویستە کابینەی داهاتووش وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیان بێت".

بەشێكی دیکە لە وتەکانی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری سلێمانی:
- هێزی ئاشتی لە هەموو هێزەکان گەورەترە.
- کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە جیهانی گرتووەتەوە.
- پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق.
- باوەڕمان بە کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێودەڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکان.
- پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەرفەتێکی میژووییە.
- لە ناوچەکە پەرەسەندنی ئەرێنی لەپێناو ئاشتیدا دەبینین.
- بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی بنیادنەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان.
- لەسەر یەکێتی و پارتی و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێویستە هەرچی زووە حکومەت پێکبهێنن.
- کاتی ئەوەیە ئاوڕێکی جیدی لە دۆزی کورد لە ناوچەکە بدرێتەوە.
- جەخت لە چالاککردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 و جێبەجێکردنی یاسای موڵکداری دەکەینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP