هەرێم نیوز
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "هەنگاوی بێشوماری ئاشکرا و شاراوەی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە ئەنجامدا ئێران ئەمڕۆ خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نییە. ئەم ڕێوشوێنانە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی نزیکەی دە ساڵ دواخستووە.
ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ تاران دەدات و نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر هەردوو وڵات بەشدارییان لە دانوستانەکانی مەسقەت کرد کە ئێران بە "ناڕاستەوخۆ" ناوی برد و ئەمریکاش بە "ڕاستەوخۆ" ناوی برد. بڕیارە خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە ڕۆما بەڕێوە بچێت.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت".
نووسینگەی نەتانیاهۆ هەروەها ڕایگەیاندووە کە "سەرۆک وەزیران زیاتر لە دە ساڵە سەرکردایەتی هەڵمەتی جیهانی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات، تەنانەت کاتێک هەندێک ئەم هەڕەشەیەیان بە جددی وەرنەگرتووە و بە پڕوپاگەندەی سیاسی ناویان بردووە و سەرۆکوەزیرانیان بە وەهم زانیوە".
ئیسڕائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە مێژە ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە.
دانپێدانانی ئیسرائیل بەوەی "ژمارەیەکی زۆر هەنگاوی ئاشکرا و شاراوە" دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەنجامداوە بێ پێشینەیە، هەرچەندە ئیسرائیل هەمیشە جەختی لەسەر هەوڵەکانی خۆی کردۆتەوە بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.