هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی، دوابەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕوسییەکەی ڕایگەیاند، ئێران هەستی بە جددیەتی ئەمریکا کردوە لە دانوستانەكان و پێی وایە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەیە و هیوادارە ڕوسیا لەو ڕێککەوتنەدا ڕۆڵی هەبێت.
عەباس عێراقچی، لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ڕوسیەكەی لە مۆسكۆ ڕایگەیاند، ئێران لە خولی یەکەمی دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە هەستی بە جددیەتی ئەمریکا کردوە، کە شەممەی ڕابردو لە سوڵتانییەتی عومان بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران پێی وایە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەیە و هیوادارە ڕوسیا لەو ڕێککەوتنەدا ڕۆڵی هەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیکردەوە، سەردانەكەی بۆ ڕۆسیا پەیامی ڕێبەری باڵای ئێران بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، پێشهاتەکانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی لەخۆ گرتبوو.
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند وتی: مۆسکۆ ئامادەیە هەر ئەرک ڕۆڵێک وەگرێت، کە بە لای ئێرانەوە دروست بێت و ئەمەریکاش قبووڵی بکات.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریشی دا، هەر لایەنێک بە بابەتی ناپەیوەندی دار، بیەوێت تەگەر دروست بکات و ڕێککەوتن قورس بکات، ئەوە بارودۆخەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار و مەترسیدار دەڕوات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 17ی 4ی 2025، ئاژانسی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردبووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی 18ـی نیسان دەچێتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەمەبەستی ئامادەبوون لە گەڕی دووەمی دانووستان لەگەڵ ئەمەریکا.
ڕۆژی شەممە 12ی4ی 2025، گەڕی یەکەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان به سهرۆكایهتیی عهباس عراقچی، وهزیری دهرهوهی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوو.