هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پشتگیری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین. هەروەها باسی لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدانیش کردووە بۆ بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئهمڕۆ پێشوازیمان له بەڕێز نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد. برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەمان تاوتوێ کرد.
دەشڵێت: گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرد. هەروەها باسمان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەماندا، بیروڕامان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ، سوپاسی کردین بۆ پشتیوانیی لە پرۆسەکە.