دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

پێدانی قەرز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دەست پێدەکات

هەرێم نیوز

وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرز بۆ كارەبای وزەی خۆر دەستپێدەكات.

سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشکردووە: لەپێناو پاكڕاگرتنی ژینگە و هەڵگرتنی موەلیدە ئەهلییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی داڕشتووە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكیی كارەبای 24 كاتژمێری، قەرزی درێژخایەن بە هاووڵاتیان بدات بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر، ئەوەش لەپێناو كەمكردنەوەی فشار لەسەر حكومەت و هاندانی خەڵكی بۆ بەكارهێنانی وزەی خاوێن.

ئەوەشی وتووە: هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەوەكان لە وەزارەتی كارەبا، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و وەزارەتی شارەوانی ڕاسپێردراون، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ بانكەكان لەپێناو كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتیان بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر لە ماڵەكانیان.

پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق ڕێكارەكانی پێدانی قەرزی بانكی بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری كارەبا بە وزەی خۆر دەركرد، ئێستا دەستكراوە بە پێدانی پێشینەیەك بە هەر بانكێك بەبڕی 300 ملیۆن دینار و بانكەكانیش لەو بڕە پارەیە دەتوانن بڕی 30 ملیۆن دینار قەرز بۆ هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون بدەن.

بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆر وەک یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی دابینکردنی کارەبا دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، حکومەتی عێراق دەیەوێت لەڕێگەی پێدانی قەرزی بانکی خەڵک هانبدات و فشار لەسەر تۆڕی کارەبا کەمبکاتەوە.

هاونیشتمانیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەتوانن بۆ دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر قەرز لە بانکەکان وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش بڕی یەک ترلیۆن دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە دیاری کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی بانکی ڕەشید، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد شیاع  سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی و بانکی ڕەشید ڕێنماییەکانی پێدانی قەرزی کڕین بۆ  یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی نوێبووەوە ڕادەگەیەنێت و جەختیش دەکاتەوە کە قەرزەکە بە سەرجەم هاووڵاتیان و فەرمانبەران دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP