دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەوە نوسراوێکی لەم ناوچانەی هەرێم بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

تیمی كوردستانی ڕێكخراوی (CPT) ڕایدەگەیەنێت كە فڕۆكەكانی سوپای توركیا، بڵاوكراوەیەكیان بە شێوەزاری كرمانجی لە ئاسمانەوە بە سەر چیای ئاسۆسدا فڕێداوەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی پەكەكە كردووە.

 كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی ڕێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند “دوێنێ سوپای توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەوە بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەوروبەری گوندەكانی گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەرون لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی چەندین بڵاوكراوەی بە شێوەزاری كرمانجی لە ئاسمانەوە فڕێداوەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن.”

 لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوەكەی و چەكدانانی كردووە و داوایان كردووە بە دەم بانگەوازەكەیەوە بێن .

 توركیا لە نووسراوەكەدا پشتی بە قسەی چەند چەكدارێكی پەكەكە بەستووە كە خۆیان ڕادەستی سوپای توركیا كردووە، وای نووسیوە سەیری بكەن هەڤاڵەكانت كە خۆیان تەسلیم كردووە چی دەڵێن :

بەپێی نووسراوەکە تورکیا داوای خۆبەدەستەوەدانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان”پەکەکە” دەکات.
ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەیە بە شێوەزاری سۆرانی:
*عەبدوڵڵا ئۆجالان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی و چەکدانانی کرد، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!
* سەیرکە هەڤاڵەکانت کە خۆیان تەسلیم کردووە چی دەڵێن:
“من دەلالم، دەستم لە تۆ بەردا، تەسلیم بووم، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەفزیۆنەکان دەڵێن کە عەبدوڵا ئۆجالان بە پەکەکە دەڵێت پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. من لێرە تێگەیشتم. لە ئەشکەوت وەرنە دەرەوە. ئێمە چاوەڕوانتانین.”
“من جیهادم، پێیان نەدەگوتین کە سەربازە تورکەکان ئەوەندە باشن. من ئاسوودەم، خواردنی گەرمیان پێم دا. زۆر باش ئاگادارمان بوون. دوای چەندین ساڵ، ڕێگەیان دا چاوم بە خێزانەکەم بکەوێت.”
“من دەڤریم سەرحەدم، بارودۆخم ئێستا زۆر باشە. قاچم تەداوی دەکرێت. ئێوەش تەسلیم بن و بەرەو ژیانی ئازاد وەرن.”
“من شەڤگەرم، لە پیردۆگان بووم. تەسلیم بووم. هەموو خواستێکی منیان بەجێگەیاند.”
*وەرن! ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە لێبووردەیی دەوڵەت بسپێرە. باوەڕمان پێبکە! مافی تۆیە وەک مرۆڤ بژی. لە ئەشکەوت وەرە دەرەوە!
*قوماشێک بەرز بکەوە، ئێمە ڕێبەرایەتیت دەکەین.
*بەر لەوەی زۆر درەنگ بێت، هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئەزیزەکانت لە ئاشتیدا بژی.
تێبینی: وێنەی هاوپێچ، یەکێکە لە بڵاوکراوەکان کە لەگوندی گەڵاڵە کەوتۆتە خوارەوە و دەست گوندنشینان کەوتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP