دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل دەیەوێت دۆخەکە بشڵەقێنێت و سەرکردەیەکی ئێران بکوژێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست) بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە دیارە نیگەرانە لەم هەنگاوە، پێدەچێت لەلایەن مۆسادەوە پلانێک بۆ کوشتنی یەکێک لە بەرپرسه گەورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ بکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست: "لەم سیناریۆیەدا ئەگەری هەیە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە "ئەمیرعەلی حاجیزادە" بێت، کە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانە. ناوبراو بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی مووشەکی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل بە نزیکەی 400 مووشەکی بالیستیک لە ساڵی 2024دا گرتبووە ئەستۆ".

ئامانجی ئیسرائیل لەم کارە ئەمە دەبێت؛ ئیستفزازی ئێران بێت بۆئەوەی کاردانەوەی ڕاستەوخۆ لەدژی ئیسرائیل بگرێتەبەر و دواتریش لە بەرانبەردا ئیسرائیل ئەمە بکاتە بیانوویەک بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل و ئەمریکا وەک وەڵامێک بۆ دووەمین هێرشی ڕاستەوخۆی تاران باسیان لە ئەگەری کوشتنی حاجیزادە کردووە، هەرچەندە لە کۆتاییدا بڕیاریاندا تەنیا بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران و توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێران لەناوببەن.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی: نابێت ترامپ بچێتە دانوستانێکی قووڵ لەگەڵ ئێران مەگەر سەرەتا دڵنیایی پێویستی بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەرگرتبێت.

حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ناتوانێت بەرنامەی پیتاندنی هەبێت. ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە نوێنەری ئەمریکاشە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند کە دەبێت ئێران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوەتی بوەستێنێت.

بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وتی: ئێمە ئامادەین نیگەرانییەکانیان بڕەوێنینەوە و دڵنیایان بکەینەوە کە پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆممان نیە، بەڵام بابەتی نەهێشتنی تەواوەتی پیتاندن " بۆ ئامانجی ئاشتییانە و دوور لە بابەتی چەکی ئەتۆمی" جێگای دانوستان نییە و قبوڵکراو نییە.

پێشتر ترەمپ هۆشداریی دابووە ئێران کە کاتێکی زۆریان نییە و دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنێن. هەڕەشەی لە تاران کردووە کە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، هەنگاوی سەربازی دەگرن.

شەممەی ڕابردوو ئەمریکا و ئێران لەوڵاتی عوممان دانوستانی ناڕاستەوخۆیان کرد و گفتوگۆکان بە ئەرێنی و بونیادنەر ناوبران. بڕیاریشە شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانیشتنەکانی هەردوولایەن بەڕێوەبچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP