دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئایا ئەمریکا بەتەواوەتی لە سوریا دەکشێتەوە؟

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا دەستیکردووە بە کشانەوەی 600 سەربازی لە سوریا و لە کۆی هەشت بنکەی خۆی لە سوریا سێ بنکەی داخستووە. بەڵام بڕیارە بەشێکی هێزەکانیان بمێننەوە بۆ هاوکاریکردنی هەسەدە و ئەرکی پێشکەشکردنی هاوکاری دژە تیرۆر بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبردنی چەند کەمپێکی دەستبەسەرکردنیان پێدەسپێردرێت.

سوپای ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی سەدان هێزی سەربازی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم بڕیارە نیشانەی گۆڕانی دۆخی ئەمنی سوریایە لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای ئەمریکا بەنیازە سێ بنکەی لە کۆی هەشت بنکەی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دابخات و ژمارەی سەربازەکانی لە نزیکەی دوو هەزار سەربازەوە بۆ هەزار و 400 سەرباز کەم بکاتەوە. پێگەکانی "گرین ڤیلج و فورات" و بنکەیەکی بچووکی دیکە لەم لیستەدا هەن.

فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا پلانیان هەیە لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا بڕیارێک لەبارەی کەمکردنەوەی زیاتری هێزەکانیان بدەن. بە وتەی بەرپرسێکی پنتاگۆن، پێشنیار کراوە کە لانیکەم 500 سەربازی ئەمریکی لە سوریا بمێننەوە.

لە کاتێکدا فەرماندە مەیدانییەکانی ئەمریکا دەیانەوێت لە سوریا بە ئامادەبوونێکی سەربازیی سنووردار بەردەوام بن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوودڵە لە جێهێشتنەوەی هەر هێزێکی سەربازی لە سوریا. بەپێی ڕاپۆرتەکە، بڕیارەکەی ئەم دواییە لەسەر بنەمای ڕاسپاردە سەربازییەکان و بە ڕەزامەندی پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی دراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، "هەرچەندە لە دوای ڕووخانی حکومەتی ئەسەدەوە هەڕەشەی گروپە بە وەکالەتەکان کە لەلایەن ئێران پشتیوانی دەکرێن کەمبووەتەوە، بەڵام داعش هێشتا ئامادەیی جددی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە". ئەم ناوچەیە ئەو شوێنەیە کە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر جێگیر بوون.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە درێژەدا ئاماژەی بە پێشهاتێکی بنەڕەتی لە سوریا کرد کە هانی حکومەتی ئەمریکا دەدات بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە، ئەویش ڕێککەوتنی کوردەکانە لەگەڵ دیمەشق. مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانیان بخەنە ناو حکومەتی نوێوە. ڕێککەوتنەکە کە کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانیش لەخۆدەگرێت، بە سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە بۆ دیمەشق دادەنرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە سوریا ماون، ئەرکی پێشکەشکردنی هاوکاری دژە تیرۆر بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبردنی چەند کەمپێکی دەستبەسەرکردنیان پێدەسپێردرێت. لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار ئەندامی داعش و 35 هەزار کەس لە خێزانەکانیان لەو کەمپانەدا دەستبەسەرن.

بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان بە کۆنگرێس داوە کە داعش هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە کە بەهۆی ڕووخانی حکومەتی پێشووی سوریاوە دروست بووە بۆ ئازادکردنی دیلەکانی و دەستپێکردنی هێرشی نوێ. لە ڕوانگەی شرۆڤەکارانەوە ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی توانای سەربازی و پڕوپاگەندەی گروپەکە.

نیویۆرک تایمز دەڵێت، ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەمریکا چڕی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی داعش لە بیابانەکانی سوریا زیادکردووە. هەروەها لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا "ئەبو خەدیجە" کە سەرکردایەتی داعشی کرد لە عێراق و سوریا، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار کوژرا. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای هەواڵگری هاوبەشی ئەمریکا و عێراق ئەنجامدراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP