هەرێم نیوز
لە کاتێکدا دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت و ترەمپیش پەلەی هێرشکردنە سەر ئێرانی نییە و لە ئێستادا بۆ هێرشی سەربازی پاڵپشتی ئیسرائیل ناکات، بەڵام هێشتا ئیسرائیل نیازی ماوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەرچی بەبێ هاوکاری ئەمریکا سنووردار دەبێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی و دوو کەسایەتی ئاگادار لە دۆخەکە بڵاویکردەوە، کە هێشتا ئیسرائیل نیازی ماوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمە وێڕای ئەوەی ترەمپ بە ناتانیاهۆی ڕایگەیاندووە ئەمریکا " لە ئێستادا" پشتگیری هەنگاوێکی لەو جۆرەیان ناکات.
بەرپرسانی ئیسرائیلی جەخت لەوە دەکەنەوە ڕێگر دەبن لەوەی ئێران بگاتە چەکی ئەتۆمی. ناتانیاهۆش پێداگری دەکات کە دەبێت ئەنجامی دانوستانەکان بەجۆرێک بێت ئێران ناچار بکرێت "بەتەواوەتی" بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت.
ئەمە لە کاتێکدا پێشتر ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویکردبووەوە کە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا کە خامنەیی دیاریکردووە، ئەوەیە کە ئێران بەردەوام بێت لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی بەڵام تەنیا ئامادەن ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەنەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل پێشنیاری بۆ ئیدارەکەی ترەمپ کردووە، کە زنجیرەیەک هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پلانەکەش بریتی بووە لە تێکەڵەیەک لە هێرشی ئاسمانی و کۆماندۆیی توند کە بتوانێت توانای ئەتۆمی ئێران بۆ چەندین مانگ یان ساڵ دوابخات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ترەمپ لە دیداری لەگەڵ ناتانیاهۆ لەکۆشکی سپی لەم مانگەدا وتوویەتی، واشنتن دەیەوێت ڕێی دیپلۆماسی بخاتە کاری پێشینەی و دانوستان لەگەڵ ئێران بکات، و لە ئێستادا ئامادە نییە هێرشی سەربازی بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل لەئێستادا لەو باوەڕەدان بە هێزی سەربازی خۆیان دەتوانن هێرشێکی سنووردار بکەنە سەر ئێران کە پێویستی کەمتری بە پشتیوانی ئەمریکا هەبێت، ئەم هێرشە زۆر بچووکتر دەبێت لەو هێرشەی لەسەرەتادا پێشنیاری کردبوو.
دیار نییە ئەم هێرشە کەی دەکرێت و ئەگەری چەندە، بەتایبەت لە ئێستادا کە دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت، ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوە کردووە پێدەچێت هەنگاوێکی لەم جۆرەی ئیسرائیل ببێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل ترەمپ لە خۆی دووربخاتەوە و پاڵپشتییە فراوانەکەی بخاتە مەترسییەوە.
دوو بەرپرسی پێشووی ئیدارەکەی بایدن بە ڕۆیتەرزیان وتووە، بەشێک لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ساڵی ڕابردوو پێشکەشکراوە. کە بەنزیکەیی لە هەموو پلانەکاندا پاڵپشتی گەورەی ڕاستەوخۆی سەربازی یان هەواڵگریی ئەمریکای پێویستە. هەروەها ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کردووە لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، ئەمریکا پاڵپشتی لێ بکات.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە وەڵامی ڕۆیتەرزدا بۆ ئەم پرسه، ئاماژەیان بۆ ئەو لێدوانانەی ترەمپ کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە کردبووی، کاتێک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کە ڕێگری لە ئیسرائیل نەکردووە بۆ هێرشکردن، بەڵام "پەلەی" نەبووە بۆ پشتگیریکردن لە کردەوەی سەربازی دژی تاران.
ترەمپ وتبووی:" پێم وایە ئێران هەلی ئەوەی هەیە ببێتە وڵاتێکی دڵخۆش و مەزن بەبێ خوێنڕشتن، ئەمە بژاردەی یەکەمی منە. بەڵام ئەگەر بگاتە بژاردەی دووەم، پێم وایە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت، و لەو باوەڕەشدام ئێران دانوستانی دەوێت".