دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا جەزائیر دەبێتە پەناگەیەکی گونجاو بۆ حەماس؟

هەرێم نیوز

ماوەیەکى زۆرە قسە لەسەر ئەوە دەکرێت هەرچۆنێک بێت شارى غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵبکرێت و خەڵکەکەى بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى دیکە، هەرچەندە پرۆژەکە مێژوویەوکی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی پێشووى سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەو کات جەنگ و کوشتار و وێرانکارییەکانى تێدا رووینەدابوو، دواى جەنگە وێرانکەرەکەى غەزە بژاردەى سەرەکی ئیسرائیل بە پشتیوانى ئەمریکا ئەوەیە ئەو شارە چۆڵبکرێت دانیشتوانەکەى روو لە وڵاتێکى دیکە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشیارێک کرا بەڵام هەموویان روویان لە شکست کرد.

دواى سەردانەکەى بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەى میسر لە چەند رۆژى رابوردوودا بۆ جەزائیر و گەیاندنى پەیامى عەبدولفەتاح سیسی بە عەبدولمەجید بتونى سەرۆکى جەزائیر، قسەو باسی زۆری بەدواى خۆیدا هێنا، هەرچەندە تا ئێستاش ناوەڕۆکی پەیامەکە بەتەواوەتى ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بەدر رایگەیاند میسر یەکێکە لەو وڵاتانەى کە هەمیشە لە خەمی خەڵکی فەلەستیندا بووە و خوازیاری ئەوە بووە بە ئارامی بژین، پێدەچێت ئەم گوتانە بۆ ئەوە بێت کە بگوترێت عەبدولعاتى لە دڵەڕاوکێی ئەوەدایە شوێنێک بۆ غەزەییەکان بکاتەوەو بەرپرسانى حەماسیش کاتێک ئەو شارە چۆڵبکەن دەبێتە دەستپێکى پرۆسەکە، شرۆڤەکارانیش پێیانوایە پەیامەکەى سیسی ئەوە بووە کە رێگە بەسەرکردەکانى حەماس بدرێت بچنە وڵاتانى دیکە و یەکێکیش لە برژاردەکان جەزائیربێت و ئەوەش ببێتە دەستپێک بۆ ئاگربەستى تەواوەتى و دوورکەوتنەوە لە راگواستنى خەڵکی غەزە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەرپرسانى جەزائیریی نایانەوێت بە شێوەیەکى راستەوخۆ بە دۆسییەى فەلەستینەوە گرێبدرێن و خۆیان تێکەڵ بە کێشەیەک بکەن کە هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە، رۆژنامەی قودسى عەرەبی نوسیویەتى ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت دووبارەکردنەوەی سیناریۆی دوورخستنەوەى سەدان کادری پێشکەوتووى رێکخراوە فەلەستینییەکانە لە ساڵی 1982 بەڵام ئەو کات کارەکە بە رەزامەندی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەنجام دراوە، ئاماژەى بەوەشکردووە هێشتا نازانرێت سەرکردەکانى حەماس بەم بیرۆکەیە رازی دەبن یان نە، یەکێک لە سەرکردە باڵا لە بزووتنەوەى حەماس رایگەیاند بەراوردێکى قورسە لە نێوان 1982 بۆ ئێستا و پەرش و بڵاوکردنەوەى سەرکردەکانى حەماس بەسەر وڵاتاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP