دواین هەواڵ

هەسەدە: ڕ|

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

حەماس ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی بێپارەیی بووەتەوە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، بزووتنەوەی حەماس ڕووبەڕووی قەیرانی کەمیی و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان بووەتەوە بۆ پێدانی مووچەی هێزەکانی لە کەرتی غەززە.

ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەیدا، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج، کە بەرپرسیار بوون لە دابەشکردنی پارە لە نێوان هێزەکانی ئەو گروپەدا.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پارەگۆڕێکی پەیوەندیدار بە حەماسەوە کوشتووە. کە کەسێک بووە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکی لە پارەدارکردنی ئەم گرووپە بینیوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەئامانجگرتنی فەرماندە و سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، حەماسی خستووەتە ژێر فشارێکی توندەوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێکی زۆر لە فەرمانبەرانی حکومەتی غەززە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەشێک لە کەسایەتییە باڵاکانی سەربازی و سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە تەنیا نیو مووچەیان وەرگرتووە.

تێکڕای مووچەی ئەندامانی پلە نزمەکانی حەماس لە نێوان 200 بۆ 300 دۆلار بووە لە مانگێکدا.

ئەم پێشهاتانە لە دۆخێکدا ڕوودەدەن کە ئابووریی غەززە لەسەر بنەمای سووڕی پارەی نەختینەیە و ئەمەش گوشاری دوو هێندەی خستۆتە سەر هەیکەلی ناوخۆی حەماس.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم گرووپە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی ستراتیژێکی سەربازیی هێرشبەرانە بووەتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دەڵێن، ئیسرائیل لە مانگی ڕابردووەوە ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکانیشی بۆ غەززە پچڕاندووە.

هەر لەو بارەیەوە، ئیال عوفەر، توێژەری ئابووریی غەززە، بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە: تەنانەت ئەگەر حەماس سەرچاوەی دارایی زۆریشی هەبێت، لە ئێستادا توانای دابەشکردنی ئەو سەرچاوانەی زۆر سنووردارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازەکانی پارەدانی حەماس بریتی بوون لە ناردنی پارە لەڕێگەی کەسانی نێوەندگر یان دامەزراندنی سەنتەری پارەدانی کاش، کە لە ئێستادا ئەم ڕێگانە ڕووبەڕووی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بوونەتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، ئیسرائیل سنووردارکردنی توندی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ غەززە سەپاندووە، ئەمەش وایکردووە حەماس ڕێگەی جێگرەوە بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لەو سنووردارکردنانە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کەمکردنەوەی پارەدان، ناڕەزایی لەناو پلە جیاجیاکانی بزووتنەوەی حەماسدا گەورەتر کردووە و نیشانەی قەیرانی ناوخۆی ئەو گرووپە چەکدارەیە.

بزووتنەوەی حەماس وەڵامی داواکاری بۆ لێدوان سەبارەت بە دۆخی دارایی یان شێوازەکانی دەستەبەرکردنی نەختینەیی نەداوەتەوە.

بودجەکانی حەماس پێش جەنگ

 
پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، ئەو گرووپە کە ئیدارەی مەدەنیی غەززەش بەڕێوەدەبەن، مانگانە 15 ملیۆن دۆلاری لە قەتەر وەرگرتووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی، حەماس هەروەها پارەی لە ناوچەکانی وەک ڕۆژئاوای ئەفریقا، باشووری ئاسیا و بەریتانیا کۆکردووەتەوە و یەدەگێکی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری کۆکردبووەوە - کە زۆربەیان لە تورکیا بوون.

پێشتریش ڕۆژنامەی تایمز، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە نامە و بەڵگەنامەی بینیوە کە دەیسەلمێنێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 ، لە ماوەی شەش ساڵدا، لانیکەم 222 ملیۆن دۆلاری داوە بە حەماس.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP