دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆژنامەیەك: هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت تەواوی وردەكاری ژێرخانی ئەتۆمی لەخۆ بگرێت

هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ئەمریکاو ئێران دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەستپێدەكەنەوە، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە خولی یەکەم، کە هەردوولا بە دانوستانێكی بونیادنەر وەسفیان کرد.

دانوستانەكانی ئەمجارە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، كە شەوی رابردوو گەیشتە رۆما، سەرۆكایەتی وەفدی ئێران دەكات، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكات، بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان.

ئەمە دووەم کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێککەوتنە ئەتۆمییەكەى نێوان واشنتۆن و تاران.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسێكی ئەمریکاوە بڵاویكردووەتەوە، دەبێت تاران هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بکات بۆ دروستکردنی متمانە، پێش هەر رێککەوتنێکی چاوەڕوانكراو، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر رێککەوتنێکی نوێیش لەگەڵ ئێران دەبێت تەواوی وردەكاری ژێرخانی ئەتۆمی لەخۆ بگرێت.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە راشیگەیاندووە: ئێران دەبێ زانیاری ورد سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی بداتە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بەبێ ئاگاداریی لە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، مەحاڵە زامنی پابەندبوونی بكرێت بە هیچ رێککەوتنێکەوە.

رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەکانەوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، لە دانوستانەکانی رۆمادا باس لە دانانی خشتەیەكی کاتی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا دەکرێت، ئاماژەیان بەوە شکردووە، رەنگە دانوستانەکان دانانی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمریکا لەخۆ بگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP